کاتی بەستنی کۆنگرەی پارتی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

بڕیار بوو ڕۆژی ٢٦ی ئەو مانگە، پارتی كۆنگرەی ١٤یەمی حزبەكەی ببەستێت، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی ئایار لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی پارتی رایگەیاند" بڕیار بوو ساڵی پار كۆنگرە ببەستین، ئەمساڵیش بڕیاربوو کۆنگرەی ١٤ی پارتی له‌ ٢٦ی ئەم مانگە ببەسترێت، بەڵام بەهۆی نه‌خۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوا ده‌خرێت". 

لەبارەی كاتی بەستنی كۆنگرەوە، وتەبێژی پارتی، ئاشكرایكرد، كەی دەرفەت رەخسا و بتوانین بەشێوازێك لەسەر مەسەلەی تەندروستی تووشی كێشە نەبێت ئەوا كۆنگرە دەكەین، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیار نییە.

جەختیشیكردەوە: هەموو ئەو بابەتانەی ئێمە، پێویستی بەكۆبونەوە و هەڵبژاردنە نازانین ئەمساڵ دەیكەین یاخود نا، و دواخستنیشی پەیوەندی بەهەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقەوە نییە.

 پارتی دیموکراتی کوردستان تائێستا ١٣ کۆنگرەی ئەنجام داوە، یەکەم کۆنگرەی پارتی لە ١٦ی ئابی ساڵی ١٩٤٦ لە بەغدا بەستراوە.


PM:02:46:20/05/2021