پەرلەمانتارێک ئەو بڕە پارەیە دیاریدەکات کە بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم

 
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند " ئاشکراشی کرد، بەغدا بۆ پێنج مانگی ڕابردوو ٣٠٠ تا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات". 
   
دانا جەزا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ٢٢ ی ئایار بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، " یاسای بودجە بۆ ھەموو ساڵەکەیە لە مانگی یەکەوە تا مانگی دوازدە و بۆ پێنج مانگی ڕابردووش لێکدانەوەیەک دەکرێت ھەرێم چەند نەوتی فرۆشتووە و نرخی نەوت بە چەند بووە و داھاتی ناوخۆ چەندە، دواتر بڕێک پارە دیاری دەکرێت بۆ پێنج مانگی ڕابردوو کە مەزەندە دەکرێت بۆ ھەر پێنج مانگی ڕابردوو بەغدا ٣٠٠ ھەتا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بداتە ھەرێمی کوردستان."  

ئەو دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسای بودجە گەڕاندەوە " بە پێویستی بە چەند ڕێکارێکی یاسایی و دەرکردنی ڕێنماییی تایبەت ھەیە، فاکتەری دووەم عێراق بەرەو پرۆسەی ھەڵبژاردن دەچێت و ململانێی سیاسی ھەیە و ھەر لایەنە و دەیەوێ بۆخۆی ڕاکێشێ و زۆرترین پڕۆژە لە پارێزگاکەی جێبەجێ بکرێت، ئەمە کاریگەریی لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستانیش ھەبووە لەنێو یاسای بوودجەدا".  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نیشان داوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوو شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و من پێشبینی دەکەم لە چەند هەفتەی داهاتوو بڕی یەکەمی پارەی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت."  

  




PM:09:06:22/05/2021