د.غالب محەمەد: قەیوان بۆتە جۆکەر

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق هێرشێکی توند دەکاتە سەر کۆمپانیای قەیوان و بە " جۆکەر " ناوی دەبات.


لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، د. غالب محەمەد دەڵێت " هەر پڕۆژەیەك بۆ سلێمانی تەرخان دەكرێت یەك سەر ماڵی تاڵەبانی بیر لە قەیوان دەكەنەوە، چونكە وەك كوڕی كاسبكارە بۆ بنەماڵە،  ئەمڕۆ بینیم پڕۆژەی دروست كردنی سایلۆیش بە بودجەی (١٢٠) ملیۆن دۆلار دراوە بە قەیوان".


ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت" ناكرێت بڵێیت جا شەقامی سەد مەتری بڵێی با قەیوان بیكات، بڵێی پاڵاوگە بڵێن: با قەیوان بیكات، بڵێن وێستگەی كارەبا بڵێن: باقەیوان بیكات، بڵێی دەرمان و نەخۆشخانە و مەشروب و جگەرە وئەدەواتی كارەبا و زانكۆی ئەهلی و پەیمانگای ئەهەلی و خوێندنگای ئەهەلی وگواستنەوەی نەوت و گواستنەوەی غاز و سوتەمەنی و عەمباری سوتەمەنی هەمووی قەیوان  بێت" .


د. غالب محەمەد بیری دەشڵێت " كەواتە هیچ كۆمپانیایەكی تر نییە؟ نەخیر هەیە، بەڵام وەك قەیوان نییە پارە.. كاسپی بۆ ماڵی تاڵەبانی بکات".


لە کۆتاییدا لەسەر بێدەنگی هێزە سیاسیەکان و دەزگا رەسمییەکان، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت " كوردستان  بە دەسەڵات و یٔۆپۆزسیۆن قسەیەك بۆ خوا ناكەن لە سەر قەیوان و باسی ناكەن و، بەئارەزووی خۆی هەموو شتێک بکات و قڕو قپی لێبکەن و  ئەشهەدوبیلا بۆ دەكەن و دەڵێن: موهیمن قەیوان".


دوێنی یەک شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی سایلۆیەکی گەورەی لە سلێمانی دانا، کە کۆمپانیای جێبەجێکار قەیوانە، بەبێ ئەوەی ئەم پرۆژەی وەبەرهەمهێنانە بەهیچ تەندرینێکدا تێپەڕێت کە بەپێی یاسا دەبێت بەو شێوەیە بێت و کۆمەڵێک رێوشوێنی یاسایی هەیە بۆ هەر پرۆژەیەک دەکرێت دەبێت بگیرێتەبەر.




AM:10:02:24/05/2021