ئامارێکی نوێی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق ڕاگەیەندرا

‌وێنە.... ئەرشیف
ئەمڕۆ چوار شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێکی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە خۆپیشاندانەکانی بەغداو پارێزگاکانی تری عێراق دوو کەس کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون".

کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێ سێشەممە ژمارەی کوژراوان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە دوو کەس و ژمارەی برینداران گەیشتووەتە ٢٠ کەس".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ١٣٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بریندار كراون و تائێستاش برینی بەشێك لە خۆپیشاندەران سەختە، ژمارەیەك خۆپیشاندەر دەستگیر كراون و بەشێكیان دواتر ئازاد كراون.

هاوکات کۆمسیۆنی باڵایی مافەکانی مرۆڤی عێراق لە بەیانەکەدا داواش دەكات بەرپرسان مافی خۆپیشاندەران بپارێزن، ئەوانەشی بەرپرسن لە كوشتنی خۆپیشاندەران بدرێنە دادگا.

بەیانی دوێنێ سێشەممە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢١ خۆپیشاندانێکی فراوان لە شاری بەغدا به‌دروشمی (کێ منی کوشت) دەستی پێکرد، هاوکات سەدان خۆپیشاندەر چوونە مەیدانی تەحریر، خۆپیشاندەران داوای لێپرسینەوەیان لە بکوژانی خۆپێشاندەران و جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ یان کرد. 


PM:01:46:26/05/2021