بافڵ تاڵه‌بانی لەسەر پرسی كه‌یسی زیندانیكراوانی بادینان داوا لە سەرۆکی هەرێم دەکات دەسەڵاتەکانی به‌كاربهێنێت

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند" داواکارم لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکانی خۆی سەبارەت بە کەیسی گیراوانی بادینان بەکاربهێنێت". 

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دەباشان، لەمیانی پێشوازیكردنیدا هاتون لە مارتن هوس، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڤێنسنت گیوم پۆپۆ، بەرپرسی نوسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان.

لەدیدارەکەدا، گفتوگۆی ورد و ھەمەلایەنە کرا لەسەر پرسی ئازادی رادەربڕین، رۆڵی میدیا و رەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ پیشەی رۆژنامەوانی و دەستخستن و پێدانی زانیاری بە راگەیاندنکاران.

هاوسەرۆكی یەكێتی وتی" پێمانوایە ئەزمونی دیموکراتی ھەرێم و ئەم کۆمەڵگایەی شانازی پێوەدەکەین بەستراوەتەوە بە دەنگی ئازاد و میدیای ئازاد و ئازا، کە بۆ ئەوەش ھەمو ھەوڵێکمان رو لە ڕەوینەوەی ئەو بۆچونانەیە کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باس لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان دەکەن". 

بافڵ تاڵەبانی وتیشی" لەگەڵ سزادانی سیاسی نەبوین و نابین. ناشمانەوێت چیتر گەنجەکانی بادینان ببنە قوربانی مەرامی سیاسی و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین لەپێناو ئازادکردنیان". 

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین لەبەرامبەر ئەم کەیسە سیاسییە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت و دەبێت بەھەمومان رێگری لەم پێشهاتە مەترسیدارە بکەین کە لە ئەگەری بەردەوامبونیدا ناوبانگی ھەرێمەکەمان لەکەداردەکات.


PM:07:55:27/05/2021