" زەمینەی نوسینەوەی دەستور ئێستا وەک پێویست نیە "

بەرپرسێکی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت" زەمینەی نوسینەوەی دەستور لە ئێستادا وەک پێویست نیە".

د.محەمەد ئەحمەد بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند" بەپێی دەستوری عێراقی مافی ئەم هەرێمەیە، بەڵكو ئەركی ئەم هەرێمی كوردستانەیە پێویستە بەدەستورێك ئەرك و دەسەڵاتەكانی و مافەكانی هاوڵاتیان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ناوەندا ڕێكبخرێت لەبەرئەوە دەستور دەبووایە زوو بكرایە، بەڵام ئیتر ئاڵۆزە سیاسیەكان نەهێشتووە هەتا ئێستا دەستورێك فەراهەم بكرێت بۆ ڕێكخستنی كارەكانی هەرێمی كوردستان". 

د.محەمەد روونیكردۆتەوە، زانایانی بواری دەستور دەڵێن بۆیە كوردستان نەبۆتە خاوەنی دەستور، چونكە بەشێكی زۆری ئیرادەی دەسەڵاتدارانە ئێستا دەسەڵاتدارەكان بە گونجاوی دەبینن قسەی لێبكەن و زەمینەی بۆ سازبكەن ئەگەرنا هەمووكاتێك كاتیەتی، بەڵام لەم كاتەدا ئەوان زۆرتر پێیان گونجاوە لەبەرئەوە زەمینەكە بە گونجاو دەبینن لەلای خۆیانەوە.

ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەكردووە، لای ئەوان دەستور دەبێت پێش هەموو شتێك تەوافوقێك- سازانێكی نیشتیمانی دروست بكات، دەستور دەبێت پارێزگاریی لە قەوارەی ئەم هەرێمە بكات، دەبێت هەموو هاوڵاتیەك بەبێ جیاوازی بەدەستوری خۆی بزانێت، خەڵكی كوردستانیش ترسێكیان هەیە لەبەرئەوەی گەلێكی موسوڵمانە، بەڵام كارەكتەرەكانی زیاتر عەلمانیین، ترسی ئەوەیان هەیە ئایدۆلۆجیای خۆیان بسەپێنن لەپرسی پەیوەندی ئایین و ژیانی كۆمەڵگە ئەمانە نەبێت ئیتر دەبێت ئەم شتانەی تێدابێت.

سەبارەت بەوەی یەكگرتوو دەیەوێت ئاینی ئیسلام ببێتە سەرچاوەی سەرەكی یاسادان؟ د.محەمەد وتویەتی" ئەوە لەڕاستیدا لەهەموو جیهاندا هیچ سەرچاوەیەكی یاسایی بەهێندەی شەریعەتی ئیسلامی دەوڵەمەند نییە چ جای لەناو كۆمەڵگەیەكی موسوڵماندا كە 95% ی موسوڵمانە یاساش بۆ خەڵك دادەنرێت، دەستورێك دەبێت لەگەڵ نەگۆڕەكانی ئاینی ئیسلامدا دژ نەوەستێتەوە".

هەروەها دەڵێت" دەستور نابێت بكرێتە ماددەی ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، دەستور دەبێت بكرێتە خەم و خولیا و كاری هاوبەشی نێوان هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی، چونكە دەستور ئوسوڵە گشتیەكان جێگیر دەكات ئەگەر جیاوازیەك و كێشمەكێشێك هەبێت لە وردەكاریەكاندایە كە دواتر یاسا ڕێكی دەخات لەبەرئەوە دەستور نابێت بكرێتە كێبەڕكێ و ململانێی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات، دەستور نابێت بكرێتە ڕیكلامی هەڵبژاردن، دەستور نابێت بكرێتە جێگەی ململانێی سیاسی نێوان لایەنەكان ئەگەر بمانەوێت دەستورێكی سەركەوتوو و كاریگەر بەدەست بهێنیین". 

بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەكگرتوو جەختیكردۆتەوە لەوەی كاتێك  ململانێی و ناتەبایی و جیاڕایی هەیە دەبێت لەدەستوردا شتێك بنوسن پەلەشی لێنەكرێت، دەستور نابێت بە پەلەپەل هەڵبكوڵێنرێت، بەڵكو دەستور دەبێت زەمینەی بۆ سازبكرێت، هەر دەستورێك نەتوانێت تەوافق- سازانی نیشتیمانی دروستبكات ئەوە دەستور نییە.

ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو وتوشیەتی" لەئێستادا ئەو زەمینەیە وەكو پێویست نییە بەڵام ئەگەر خەڵكێك بیانەوێت ببن بەخاوەنی دەستورێك دەبێت لانیكەم لە ئوسوڵە گشتیەكاندا، لە بنەما گشتیەكاندا دەبێت ئەو زەمینەیە سازبكرێت بۆیە دەڵێم نابێت پەلەی لێبكرێت نابێت بكرێتە ململانێی سیاسی و نابێت بكرێتە ڕیكلامی هەڵبژاردن، ئێستا وەكو پێویست زەمینەی دەستور نییە بەڵام دەسەڵاتدان دەبێت ئیشی بۆ بكەن".


PM:01:37:28/05/2021