فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له‌بارەی وه‌رگرتنی پارە لە پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوەن پێداویستی تایبەت لیژنەیەکی پێکهێنا و ڕایدەگەیەنێت" له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ١٥٠ دۆلار له پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كه له رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر گه‌شتیكردووه، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه پێكده‌هێنێت".
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شاری هه‌ولێر، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردەوە و دەڵێت" دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی وه‌رگرتنی بڕی ١٥٠ دۆلار له پێشمه‌رگه‌یه‌كی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، به‌ناوی (كامه‌ران مه‌حموود) له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی فڕۆكه‌وانی، ده‌ستبه‌جێ لیژنه‌یه‌كمان بۆ لێكۆڵینه‌وه پێكهێناوه، دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه، ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ رای گشتی بڵاوده‌كه‌نه‌وه".
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، به‌وپێیه‌ی گه‌شتیاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، رێكاری تایبه‌ت به خۆی بۆ دانراوه سه‌باره‌ت به سه‌رخستنی بۆ ناو فڕۆكه، بۆیه ئه‌م ئه‌ركه سپێردراوه به به‌شی (Ground Handling Service) و بڕی پاره‌ی دیاریكراویش بۆ سه‌رخستنی گه‌شتیاری خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بۆ ناو فڕۆكه، ده‌بێت هێڵه ئاسمانییه‌كان بیده‌ن به به‌شی (Ground Handling Service) ، نابێت ئه‌و پاره‌یه خودی گه‌شتیاره‌كه بیدات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پێشمەرگەیەکی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوی کامەران مەحمود رایگەیاند، کە لە فڕۆکەخانەی شاری هەولێر بە زۆر ناچاریان کردووە ١٥٠ دۆلار بدات بە کۆمپانیایەک لەبەرامبەر یارمەتیدانی بۆ سواربوونی ئەو فڕۆکەی کە دەیگەیاندەوە ئەڵمانیا، لە کاتێکدا ئەو دوو برای خۆی لەگەڵی بووەو پێویستی بەو کۆمپانیا نەبووە کە ئەو پارەیەی لێسەند. کۆمپانیاکە ناوی (Flyerbil) فلای-ئەربیل-ە.