کۆسرەت رەسوڵ بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتی یەوە پەیامێک بڵاودەکاتەوە


سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ لە یادی ٤٦ ساڵە دامەزراندنی حیزبەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" دەبێت یەکێتی پێشەنگی خەبات و پێشەنگی دیموكراسی و چاكسازی بێت و نەبێتە بەشێك لە هەوڵدان بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵك و حوكمڕانیەكی ناتەندروست و ناسەقامگیر".

پەیامی كۆسرەت ڕەسول عەلی لە (٤٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
لە چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەكەم و هیواخوازم یٔەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی تەبایی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەوڵدان بۆ كۆتایی هێنان بەقەیران و تەنگژەكان، بەتایبەتی كە هێشتا ناوچەكە لەژێر مەترسی دایەو تیرۆرستان مەترسییەكانیان بەردەوامە.
ئەمڕۆ چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەو یەكێتییەی لەدوای نسكۆی شۆڕش و بێ ئومێدی گەلەكەمان دامەزراو لەشاخە سەركەشەكانی كوردستان دەستی بەخەبات كردەوە، بێ ئومێدی گەلەكەمانی گۆڕی بۆ بەرگری كردن و رزگاركردنی كوردستان لە دڕندەترین رژێمی فاشیست و دیكتاتۆر، بەهەموو لایەكی گوت تا كوردێك مابێت خەبات بەردەوامەو پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان بەرگری دەكەن و بست بەبستی ئەم خاكە دەپارێزن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكانی تەنها شۆڕشیان هەڵنەگیرساندەوە، بەڵكو خەباتیان كردو قوربانیان دا تا لە ساڵی ١٩٩١ رابەرایەتی راپەڕینمان كردو كوردستانمان لەبەعسی فاشیست پاككردەوە، یەكەم هەڵبژاردن لەكوردستان ئەنجامدراو كورد بووە خاوەنی حوكمڕانی هەڵبژێردراوی خۆی، بەردەوام بووین تا رووخانی رژێمی بەعس و ئازادكردنی عیراق لە حوكمی دیكتاتۆری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی عیراقێكی فیدراڵی دیموكراسی، هەموو ئەوانە یەكێتی رابەرو پێشەنگی بوو.
كوردستانیانی خۆشەویست...
ئەمڕۆی كوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی تێكۆشەران و شەهیدە قارەمانەكانمانە، ئەو كەڵەپیاو و جوامێرانەی ژیان و گیانی خۆیان كردە قوربانی گەلەكەمان، بۆیە ئەركە لەسەرشانی هەموومان یەكێتی بپارێزین و رێگەنەدەین لە شاڕێگای خۆی لابدات، دەبێت یەكێتی پێشەنگی خزمەتكردنی خەڵك و داكۆكیكردن لە دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، یەكێتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە دامەزراو خەباتی كرد بۆ زامنكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ گەلەكەمان، ئەمڕۆ و بەیانیش دەبێت هەر لەم پێناوە خەبات بكات و پێشەنگی دیموكراسی و چاكسازی بێت و نەبێتە بەشێك لە هەوڵدان بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵك و حوكمڕانیەكی ناتەندروست و ناسەقامگیر.
جارێكی تر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و زیندانیانی سیاسی و كەمیٔەندامانی سەنگەرو تەواوی كوردستانیان دەكەم.
كۆسرەت ڕەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان



PM:05:27:31/05/2021