پارتی: یەکێتی هاوخەباتێکی گرنگمانە


پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی ٤٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی دا رایدەگەیەنێت" یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە".

دەقی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی پارتی..

بۆ بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 

بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، هیوای بەرەوپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە كار و بەرنامەکانتان بۆ خزمەتگەیاندنی زیاتر بە دۆزی رەوای گەلەكەمان.  

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بە پێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ.

 لەم یادە دا، جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی ھەرێمی کوردستان..

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن..

 مەكتەبی سیاسی

 پارتی دیموكراتی كوردستان



AM:09:37:01/06/2021