هەرێم و بەغداد میکانیزمی هاوبەشیان بۆ وردبینیکردن لە داهات و خەرجییەکان دیاریکرد

بۆجێبەجێ کردنى یاساى بودجەى ئەمساڵى عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بۆ بەغداد، لەچوارچێوەى دیدار و کۆبونەوەکانی شاندی باڵاى حکومەتی هەرێمی کوردستان بە‌ سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە‌ بەغداد، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ھە‌ردوولا جە‌ختیان كردە‌وە‌ كە‌ پێكە‌وە‌ كار دە‌كە‌ن و ئامادە‌كاری تە‌واویان كردووە‌ بۆ ئە‌وە‌ی  راپۆرتێك ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان بکرێت، بەمەبەستی ئاسانكاری جێبەجێکردنی یاساى بودجەى ساڵى ٢٠٢١ى عیراق لە پێناوی خەرجکردنی ماف وشایستە داراییەکانی هەرێم.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، شاندی هەرێمی کوردستانیش لەسەر راسپاردەى قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی وەفدی دانوستانکار، ئامادەیی خۆی نیشاندا کە هەموو ئاسانکاریی و ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەى چاودێرى دارایی فیدڕاڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی لەسەری ڕێکەوتون و بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان و ئەولەویەتیش بدەن بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی یاسای بودجەی عیراق پێی سپاردون لە چوارچێوەی مادەی 11ی یاساکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.


PM:03:40:01/06/2021