حکومەتی هەرێم: هێرشکردنە سەر پێشمەرگە هێرشە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوەکەی ئەمڕۆی ئامێدی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ھێرشەکەی پەکەکە بە توندی شەرمەزار دەکات و چیتر خەڵک و هەرێمی کوردستان رێگە نادەن ببنە قوربانی سیاسەتی چەوتیان". 

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" بەداخێکی زۆرەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 5ی ئایاری 2021 لە ئەنجامی دانانی کەمینێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دەڤەری ئامێدی پێنج پێشمەرگە شەهید و چەندیش برینداربوون".

ئاماژەی بەوەکرد" حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ھێرشەی پەکەکە بە توندی شەرمەزار دەکات و چیتر خەڵک و هەرێمی کوردستان رێگە نادەن ببنە قوربانی سیاسەتی هەڵەیان و ببنە ھۆکاری زیانگەیاندنی گیانی و مادی بە ھەرێمەکەمان".

ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتێکدا ھێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە بە ھێرشکردنە سەر تەواوی خەڵکی کوردستان دەزانین، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە لە پاراستنی هاوڵاتییان و بست بە بستی خاکی هەرێمی کوردستان و بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەرگریی لێبکات.


PM:06:27:05/06/2021