قوباد تاڵەبانی: تا ئێستاش باجی شەڕی خۆكوژی و ئاڵۆزییەكانی رابردومان دەدەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە رووداوەکەی چیای مەتینا هاته‌ ده‌نگ و دەڵێت" تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە کوشندەکانی رابردو بێگومان دەرەنجامەکەی شکست و بێهیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ هەمو کورد". 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" روداوەکەی چیای مەتینا روداوێکی دڵتەزێن بو کە بوە مایەی نیگەرانی و پەرۆشی هەمو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر. گەلەکەمان لە رابردودا تاڵی و ناخۆشی زۆری بینیوە بەهۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان لایەنە کوردییەکانەوە، بۆیە حەق نییە ئەم گەلە خێرنەدیوە لەوە زیاتر توشی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بکرێت".

دەشڵێت" دۆخەکە وا دەخوازێت هەمو لایەکمان لە قسە و کردار و هەڵوێستماندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و لەم دۆخەدا لە هەموكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و بیركردنەوەی ورد و دان بەخۆداگرتن هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەو مەترسیانەی هەن پارێزراوبێت".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەدەرئەنجامی ناکۆکییەکانی ناوخۆ کردوە و ئەوەی خستوەتەڕوو، بەرهەمی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی رابردومان تەنیا شکست و بێهیوایی بوە بۆ گەلەکەمان، تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئێمە باجی شەڕی خۆکوژی و ئاڵۆزییەکانی رابردومان دەدەین. ئەگەر لەم قۆناغەشدا بەردەوام بین لەسەر هەڵە کوشندەکانی رابردو بێ گومان دەرەنجامەکەی شکست و بێهیواییەکی گەورەتر دەبێت بۆ هەمو کورد. بۆیە ئێستا هەمو لایەکمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەداین و دەبێت هەمو هەوڵێکمان بە ئاراستەی چارەسەرکردن بێت نەک ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە؛ با ژیرانە و خەمخۆرانە و کوردانە و بەرپرسیارانە کێشەکان چارەسەر بکەین.

باسی لەوەشکردووە، هیوادارم بە حیکمەت و دانایی پێش بە دوبارەبونەوەی روداوی دڵتەزێنی دیکە بگرین. 


AM:08:23:07/06/2021