لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەرمی کچێک دۆزرایەوە کە بەدەستی "دەستگیرانەكەی سووتێندراوە"

‌وێنەی گوڵاڵە شێخی
تەرمی کچێک کە خەڵکی شاری سەقزە، لە ڕێگای سەقز بۆ سنە بە سووتاوی دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ سێشەممە تەرمی کچێکی لاوی خەڵکی سەقز بە ناوی (گوڵاڵە شێخی) تەمەن ٢٦ ساڵ لە ڕێگای سەقز بۆ سنە و لەناوچەیەک بەناوی چاپانی خواروو دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گوڵاڵە شێخی بەشی یاسای خوێندووە و دوو هەفتە پێش ئێستا لەگەڵ دەزگیرانەکەی بە ناوی کەیومەرس زەرغامی کە خزمی خۆشی بووە چوون بۆ سەفەر. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەزگیرانی گولاڵە تەلەفوونی بۆ بنەماڵەکەی خۆی کردووە و وتوویە کە گوڵاڵەم کوشتووە و خۆشی هەڵاتبوو.

ناوبراو هەروەها بە بنەماڵەکەی وتبوو کە تەرمی گوڵاڵەم لە جاددەی سنە بۆ سەقز شاردووەتەوە و ئەوە چەند ڕۆژ بوو خەڵک و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدا بوون بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی کە دواجار ئەمڕۆ و دوای دەستگیرکردنی بکوژ لە ئاستارا، تەرمەکەی لە کاتێکدا بە تەواوەتی سووتابوو، دۆزرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاند" کە کەیومەرس لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ٤ لیتر بەنزین گوڵاڵەیان ئاگرداوە و دواتر تەرمەکەیان شاردووەتەوە". 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا لانیکەم پێنج ژن لە شارەکانی سەقز، کرماشان، ئیلام و دەڕەشار بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون کە چوار کەسیان بە دەستی هاوژین یان دەزگیرانەکانیان کوژراون.



AM:10:50:09/06/2021