وردەکاری بڕیاری ناردنی (٢٠٠) ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم ئاشکرا کرا

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" وەزیری دارایی عێراق کە دەبێت ئەو واژۆ لە تەمویلکردن بدات، هەتا پێش کۆبونەوەکە وتویەتی، من لەدەرەوەی یاسای بودجە پارە نانێرم و دەبێت هەرێم فەقەرەکانی تایبەت بەمادەی ١١ جێبەجێ بکات و بەجێبەجێکردنیشی هەرێم دەبێت ١٠٠ ملیار  بداتە بەغدا".

بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکیدا بەناونیشانی (بریاری ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە چۆن بوو؟) نوسیویەتی" دوێنێ لەدوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڵاوکرایەوە کە مانگانە ٢٠٠ ملیار بۆهەرێم دەنێرن، لەراگەیاندنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئەمە باس نەکراوە، خۆی هەر باس نەکردنی ئەوەی پارە بۆ هەرێم دێت لە بەیانەکەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران جێگەی سەرسورمان و پرسیارە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق کە دەبێت ئەو واژۆ لە تەمویلکردن بدات، هەتا پێش کۆبونەوەکە وتویەتی، "من لەدەرەوەی یاسای بودجە پارە نانێرم و دەبێت هەرێم فەقەرەکانی تایبەت بەمادەی ١١ جێبەجێ بکات و بەجێبەجێکردنیشی هەرێم دەبێت ١٠٠ ملیار  بداتە بەغدا (بۆ ریش چون سمێڵیان دانا) چونکە نرخی نەوت بەرزە و داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی بەقەولی عەلاوی هەر وادەکات.

وتەبێژەکەی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەشکردوە، دواتر وەک بەشداربویەکی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆی باسکردم، بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی لەئەنجومەنی وەزیران دەنگدراوە بەناردنی ٢٠٠ ملیار دینار مانگانە، هەتا ئەوکاتەی کەهەرێم فەقەرەکانی یاسای بودجە جێبەجێ دەکات، بەشێوەی مقاسە بدرێ و دواتر حەق و حساب بکەن، بەڵام چۆن بوو کازمی و ئەنجومەنی وەزیران بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی ئەم دەنگەیاندا؟، سائیرون و کازمی پەلەپروزەی هەڵبژاردنی پێشوەختیانە، بەحساب نایانەوێ کێشەیان هەبێ و بۆ ئەمە چاوپۆشی دەکەن.

ناوبراو لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا رونیشیکردەوە، گوشاری سیاسی لەماوەی رابردو لەسەر بەغدا چڕکرایەوە، پەیامی هاوسەرۆک شێخ لاهور وەک تەواوکەری سەردانی وەفدی باڵای یەکێتیی بەسەرۆکایەتی هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەهەفتەی پێشتر بۆ بەغدا نمونەی گوشارەکانن، بەڵام لەمانەش گرنگتر بەردەوامی ئەم گوشارە سیاسیانەیە بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە، چونکە بەپێی لێدوانی قسەکەری حکومەت، بۆ ئەوەی لێبڕینی موچە نەمێنێت پێویستیان بە ١٨٠ ملیار دینارە، واتە لەئەگەری هاتنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا، ئیتر پاساوی لێبرینی موچە نامێنێ.

بەختیار شاوەیس دەشڵێت" کۆسپی ناردنی ئەم برە پارەیە وەزیری دارایی دەبێت، چونکە بەپێی یاسا تەنها عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عیراق دەتوانێ ئیمزای ناردنی پارەکە بکات و دەنگی بەبریارەکە نەداوە لەکۆبونەوەی دوێنێ، هەروەها کاردانەوەی هەندێک پەرلەمانتاری عیراق ئەوانەی کە لەیاسای قەرزدا کازمی یان وەستاند رەنگە کۆسپێکی دیکە بێت، بەلای ئێمەوە گرنگ هاتنی پارەکەو گرنگتر نەمانی لێبڕینی موچەیە، هەندێک خەڵکیش چۆن لەهەڵوێست و گوشارەکانمان تێدەگات، ئەوا ویژدانی خۆمان لەهەمو شتێک گرنگترە".


PM:04:50:16/06/2021