سەرۆکی حکومەت: رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و بەغدا هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت بۆ پەرەپێدانی ئابوری کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه‌، بۆ ناردنی بودجه‌ی كوردستان هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت، بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ ئابوری كوردستان و دابینكردنی خه‌ڵكی كوردستان". 

له‌میانى كردنه‌وه‌ى كارگه‌ى جوتیار كه‌ تایبه‌ته‌ به‌به‌رهه‌مهێنانى فینگه‌رو به‌بڕى 10 ملیۆن دۆلار جێبه‌جێده‌كرێت، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم وتارێكى خوێنده‌وه‌و ڕایگه‌یاند" هەموو لایەکمان ئەوە دەزانێت کە کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە بناخە بنچینەییەکان بۆ پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێک، هەر پرۆژەیەک دادەمەزرێت دەبێتە هۆکارێک بۆ دامەزراندنی چەندین پرۆژەی دیکەی پیشەسازیش. ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ لێرە بەردی بناخەکەی دادەنرێت، وەکو بیستمان هەزاران دەرفەتی کار بۆ جووتیاران و کرێکاران لەو دەڤەرە و لەو پارێزگایە دەڕەخسێنێت. ئەوەش پشتیوانێکی زۆرە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە پشت بە خۆی ببەستێت و ئێمە چیدیکە ناچار نەبین بەرهەم و بەروبوومی بیانی هاوردەی کوردستان بکەین". 
 
ئاماژەی بەوەشکرد" ئەمە پشتیوانێکی بەهێز دەبێت بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانیش لە کوردستاندا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچێت، ئەو جووتیارە پەتاتە دەچێنێت یان گەنم دەچێنێت، پێویستە دڵنیابێتەوە لەوەی بەرهەمەکی ساخ دەبێتەوە". 
 
سەرۆکی حکومەت وتیشی" بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەبووە هیچ نیگەرانییەک لای جووتیارانی ئێمە نەمێنێت و گرنگی بە بەرهەمەکانی خۆیان بدەن لە جۆری ئەو بەروبوومەی بەرهەمی دەهێنن، لە خەمی ئەوەدا نەبن بەرهەمەکانیان چی لێبەسەر دێت و چۆن ساخ دەبێتەوە، حکومەت پشتیوان دەبێت بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان و وەرگرتنی بەرهەمەکانیان، هاوکات لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و دۆستانمان لە دەرەوە و ئەوروپاش هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی بازاڕی دەرەوە بۆ بەروبوومی کوردستان بدۆزینەوە، بە سوپاسیشەوە هەنگاوی باش لەوبارەیەوە نراوە، ئەوەش دەزانم کە وەزارەتی کشتوکاڵیش لەو بارەیەوە کاری کردووە، سوپاسی ئەوان و ماندووبوونیان دەکەین کە پشتیوان بوونە لە زیادکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بەو شێوەیەی ئێمە باسمان لێوەکرد". 
 
باسی لەوەشکرد، داواکاری من لە جووتیارانی خۆشەویست ئەوەیە گرنگی بە جۆری بەرهەمەکانیان بدەن، ئێمە دەمانەوێت کوردستان بناسرێت بە جۆری بەرهەمەکانی، بەو تام و چێژەی لە بەرهەمەکانی کوردستان هەیە خەڵکی دیکە بزانێت، ئەمەش ببێتە (trademark) بۆ بەرهەمی کوردستان کاتێک لە دەرەوە دەفرۆشرێت.

لەبارەی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا، مەسرور بارزانی وتی" رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه‌، بۆ ناردنی بودجه‌ی كوردستان هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت، بۆ زیاتر په‌ره‌پێدان به‌ ئابوری كوردستان و دابینكردنی خه‌ڵكی كوردستان و له‌وانه‌ش، موچه‌ی خه‌ڵك، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پێشخستنی باری ژیانی هه‌مو هاوڵاتییان له‌ هه‌مو ئاسته‌كان، من له‌و باوه‌ڕه‌دام مادام ئێستا له‌ كوردستان كه‌شێكی وا له‌ ئارادایه‌ بتوانین باری ئابوری به‌ره‌و پێش ببه‌ین، هیوادارم حكومه‌تی فیدراڵیش به‌ره‌و پیری داخوازی هه‌رێم بێت و بازاڕی عێراقیش به‌روی به‌رهه‌می هه‌رێم بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی باشتربونی ئابوری عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی".

هەروەها وتیشی" ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست دێن، بێگومان سود و قازانجی بۆ هه‌مو خه‌ڵكی عێراق ده‌بێت، جارێكی دیكه‌ ده‌ستخۆشی له‌ هه‌موان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم".

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت، دڵنیابن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن به‌ڵێنی خۆیه‌تی، پێش ئێستا باسی ئه‌وه‌مان كرد ده‌رفه‌تی كار بۆ خه‌ڵكی خۆمان بڕه‌خسێنین و به‌ پشتیوانیكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی هاوبه‌ش و هاریكاری دۆست و وڵاتانی دۆست هه‌زاران هه‌لیكار بۆ خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌ڕه‌خسنێرێت. 


PM:12:59:17/06/2021