سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ: رێگامان بدەن لیتری بەنزین دەکەین ٥٠٠ دینار

سەرۆکی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید رایدەگەیەنێت " تەحەدای حکومەت  و دەسەڵاتداران دەکەم ئەگەر راست دەکەن و ئەم پارەی زیادەی بەنزینە بۆ حیزب نییە، ئەوا رێمان بدەن ئێمە چەندین بازرگان هەیە کە ئەمرۆ لیژنەی تایبەتم راسپاردووە و قسەیان لەگەڵ کردوون دەتوانن بەنزین بهێنن و لیتری بە 500 دینار بفرۆشن."  

 لە راگەیاندراوێکدا کە دانەیەکی نێرداروە بۆ " سپی " شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "ئەمەی ئێستا رودەدات سەرانەسەندنی ئاشکرایە لە خەڵک بۆ دوو کۆمپانیای حیزبی، چونکە هەم گومرگی هەموو لیترێک بەنزین  ٧٥  دینارە و هەمیش دوو کۆمپانیای سەر سنورەکان لە ئێستادا ١٢٥ دینار وەردەگرن بۆ یەک لیتر بەنزین، کە بە هەردووکی ٢٠٠ دینار وەردەگرن زیادە (ئەمە جگە لەوەی ئێستا ٥٠ دینار قازانج زیاتر خراوەتە سەر نرخی فرۆشتنەکەش)."  

  سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت " با خەلکی کوردستان بزانن کە ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات لە ئێستادا تەنها موچە نابرن و فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانیان باج و سەرانە لەخەلک ناسەنن، بەڵکو نەخۆشخانەکان دادەخەن و بەنزین  گران دەکەن بۆ خۆیان و خوێندن و تەواوی سێکتەرەکانی تریشیان وێران کردوە."  
 

شاسوار عەبدولواحید لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا دەڵێت"ئەگەر حکومەت و دوو حیزبی دەسەڵات راست دەکەن  و دەڵێت بەنزین لە بازارەکانی جیهان گران بووە، ئەوا فەرموو رێ بدە با ئێمە چارەسەری بکەین."  



PM:11:46:19/06/2021