بە فەرمی یەكێتی و گۆڕان رێككەوتننامەی نێوانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی عێراق واژۆكرد

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەشێوەیەکی فەرمی رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی عێراق واژۆكرا.

لە مەراسیمەکەدا عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەرایگەیاند" دوای زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی گەیشتینە ڕێككەوتن، ڕێككەوتنەكەشمان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد" دەرفەتی گونجاو لە بەردەستدایە دوای هەڵبژاردن هەمو لایەنەكان لە بەرەیەكی فراواندا كۆببینەوە، یەكێتی و گۆڕانیش بە هەستكردن بە لێپرسراویەتی ڕێككەوتنەكەیان پەسەند كردوە".

لای خۆشیەوە بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکی یەکێتی وتی" بەڵێنمان بە رێکخەرى گۆڕان داوە کە ئەم رێککەوتنە دژى هیچ لایەنێک نییە، بۆ یەکڕیزى کوردستانە".  

وتیشى" من حەزدەکەم لێرە بەڵێنێکى تر بدەم، هەرگیز ئێمە جارێکى تر بزوتنەوەى گۆڕان جێناھێڵین، حەزناکەم ئەم رێککەوتنە هەر بۆ ئەم هەڵبژاردنە بێت بەڵکو هەر پێکەوە بین".  

هاوکات لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی رایگەیاند" ئەركی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی كوردستانم پێسپێردراوە، بە دڵسۆزیەوە بێ جیاوازی لە هەوڵی سەرخستنی هاوپەیمانێتیەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دەدەم". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر یەكڕیز نەبین ناتوانین ئامانجەكان بەدەستبهێنین، بۆیە ئەركی هەموانە ئەم هاوپەیمانییە وەك بیلبیلەی چاومان بیپارێزین، هەروەها ئەگەر كورد یەكدەنگ بێت لە بەغدا دەتوانین یەكلاكەرەوە بین. 


PM:05:04:20/06/2021