ئاسیاسێڵ دوو خەڵاتی جیهانی پێدەدرێت


بەهۆی بەشداریکردن لە کاری مرۆڤ دۆستانە لە عێراقدا و خزمەتگوزاری دیجیتاڵیەوە، بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەك ئاسیاسێل دوو خەڵاتی دارایی نێودەوڵەتی "International Finance Awards" بەدەستهێنا، هاوکات، خەڵاتی باشترین کۆمپانیای پەیوەندی لە رووی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵاتیەوە لە ئەنجامی کاری مرۆڤ دۆستی و هەوڵی خێرخوازیی لە وڵاتدا بەدەستهێنا.

لە راگەیاندراوێکدا ئاسیاسێڵ بڵاویکردووەتەوە، "بەردەوامە لە جێبەجێکردنی چەندین دەستپێشخەری و پرۆژەی داهێنەرانە بەمەبەستی پشتگیریکردنی گەنجان، سورە لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆی و دەیەوێت ببێتە داکۆکیکاری پێشەنگ لە روانگەی کۆمەڵایەتی و کلتوری و ژینگەییەوە."

لەو بارەیەوە چرا حسێن بەڕێوەبەری کۆمێرشیاڵ لە ئاسیاسێڵ رایگەیاند، "ئێمە شانازی دەکەین بەوەی کە ئاسیاسێڵ ئەوە سێ ساڵە لەسەریەك ئەم خەڵاتە بەناوبانگانە دەباتەوە، ئەمە نیشانەی هەوڵی گەورە و کاری جددی کۆمپانیای ئاسیاسێڵە. هەمیشە خۆمان تەرخانکردووە لە پێناو ئەوەی ئەم وڵاتە بکەینە ماڵێكی باشتر بۆ خەڵکەکەمان''.

ئەوەشی خستەڕوو بەبەردەوامی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری نوێ و داهێنەرانە دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن ژێرخانێکی بەهێزی تۆڕەکانیان هەبێت بەجۆرێك هەموو خەڵکی بەئاسانی پێی بگات.

باسی لەوەش کرد کاتێك کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە کۆمپانیاکەیان دەنێن ئەرکەکانیان قورستردەبێت و هانیان دەدات بەردەوام بن لە کارکردن بەئامانجی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندوو.

، لەمانگی رابردوودا، کۆمپانیای ئاساسێڵ راگەیاند، سەنتەری پزیشکی دیجیتاڵی کە کۆمپانیاکەیان دایمەزراندووە و کاری جێبەجێکردن و دابینکردنی چارەسەر و فریاکەوتن و پێدانی راوێژی پزیشکییە لەدوورەوە لەگەڵ یارمەتییە مرۆییەکان لە کەمپی ئاوارەکانی بەردەڕەش، پاڵیوراوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی گلۆمۆ.

ئاسیاسێڵ سەنتەرێکی لە بەردەڕەش دامەزراندووە بۆ چارەسەر و فریاکەتن و پێدانی راوێژی پزیشکی لەدوورەوە لەگەڵ یارمەتی مرۆیی لە کەمپی ئاوارەکانی بەردەڕەش بۆ ئەوانەی بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژییەوە ماڵییان جێهێشتووە.



PM:08:34:20/06/2021