زانکۆی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەى ئەو مامۆستایەوە بڵاوکردەوە، کە لەچاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی هاوسەرگیری نەکردووە، زانکۆی سلێمانی لەیەکەی نیشتەجێبوون بێبەشی کردووە، لەوبارەیەوە زانکۆی سلێمانی ئامادەیى خۆى نیشاندا بۆ چارەسەرکردنى یەکجارەکى کێشەى نیشتەجێبوونى ئەو مامۆستایە.  

زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، وەک بەرپرسیارێتییەكی ئەكادیمی و ئەخلاقی و بەڕەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێزیان و بارودۆخی ناجێگیری دایكی بەڕێزیان و هەبوونی نەخۆش، ڕایدەگەیەنێت ئامادەیە لەهەواری زانكۆی فەرمانبەران چارەسەرێكی یەكجاری بۆ شوێنی نیشتەجێبنی بەرێزیان دابینبكات.

ئەوەش باسکراوە، زانکۆی سلێمانی گشت خەرجی  و تێچونەکانی یەکە نیشتەجێبونەکە دەگرێتە ئەستۆی خۆیی.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

لەم رۆژانەی دواییدا دوای ئەوەی راپۆرت و چاوپێكەوتنی بەرێز (پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر تارا عبدالله سعید) لەكەناڵی روودا و بەتایبەتیش بەرنامەی (لەگەڵ رەنچ) بڵاو كرایەوە، كە بەڕێز (د.تارا عبدالله سعید) یەكێكە لە مامۆستاكانی زانكۆی سلێمانی كۆلێجی زمان و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە و ناونیشانی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە، سەبارەت بەو گلەیی و گازەندانەی بەرێزیان هەیان بوو بەرامبەر زانكۆی سلێمانی، بۆیە ئەم روونكردنەوەیە بۆ رایی گشتی رادەگەیەنین، كە ئەم چەند خاڵە لەخۆ دەگرێت:

1- بەرێز (پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر تارا عبدالله سعید) یەكێكە لە مامۆستاكانی زانكۆی سلێمانی كۆلێجی زمان و هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە و بەناونیشانی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەر، بەپێی فەرمانی زانكۆی ژمارە (7/6/756 لە 9/2/2002) دوای بەكارەكانی هێناوە لەسرداوای خۆیی لەزانكۆی سلێمانی و بەپێی فەرمانی زانكۆی ژمارە ( 7/6/1587 لە 1/11/2010) دەست بەكار بۆتەوە لەزانكۆی سلێمانی وەكو مامۆستا، ئەو ماوەیەی نێوان ساڵانی (2002 تاوەكو 2010) بەرێزیان لەدەرەوەی ووڵات بووە، بەڵام خانوەكانی هەواری زانكۆ پێنج ساڵ پێش هاتنەوەی بەڕیزیان، و لە پرۆسەیەكی یاسایی و دوای دەرچونی چەند رێنمایی و لیژنەیەك بۆ هەژماركردنی خاڵەكان دابەشكراون بەسەر مامۆستایانی زانكۆدا، بەرێزیان لەو ماوەیەدا لەزانكۆی سلێمانی نەبووە و كۆتایی بەكارەكانی هێناوە و لەدەرەوەی ووڵات بووە.

2- سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی دوای راگەیاندنی هەواری زانكۆی تایبەت بەفەرمانبەران، كەچەند خانوو شوقەیەكی لەخۆ گرتبوو لەلایەن كۆمپانیای كەرتی تایبەتەوە جێبەجێكران، دابەشكران بەسەر فەرمانبەرانی زانكۆ، واتە ئەم پرۆژەیە تەنها بۆ فەرمانبەرانی زانكۆ بووە، بەڵام سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەلەبەر چاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی بەرێز (د.تارا) پێشنیازی پێدانی شوقەیەكی بۆ بەرێزیان كردووە، بەرێزیان بەهێنانەوەی چەند بیانویەك پێشنیازەكەی رەتكردۆتەوە.

3- سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی سەرەرایی تییینی زۆری لەسەر قسەكانی بەرێزیان و بەشێك لەو گلەیی و گازەندانەی هەیبووە، لەئێستادا وەك بەرپرسیارێتیەكی ئەكادیمی و ئەخلاقی و بەرەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی شوێنی نیشتەجێ بوونی بەرێزیان و بارودۆخی ناجێگیری دایكی بەرێزیان و هەبوونی نەخۆش، رایدەگەیەنێت ئامادەیە لەهەواری زانكۆی فەرمانبەران چارەسەرێكی یەكجارەی بۆ شوێنی نیشتەجێبنی بەرێزیان دابین بكات، لەگەڵ گرتنە ئەستۆی گشت خەرجی تێچونەی نیشتەجێبون دەگرێتە ئەستۆی خۆیی.

هەربۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین، سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی لای سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لەبەردەم یاسادا لەبەرامبەر ئەرك و مافدا یەكسانن، هەروەها سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەرپرسیارێتیەكی ئەخلاقی و ئەكادیمی و زانستی بێ گوێدانە هیچ جیاوازییەكی رەگەز و تەمەن و ئایینی و بارودۆخی كۆمەڵایەتی و نەتەوەی و ئاستی زانستی و پلە و نازناوی زانستی و پسپۆڕی،  دەخاتە ئەستۆیی خۆی و مامەڵەی یەكسان لەگەڵ هەموواندا وەكو یەك دەكات.

سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی


AM:09:08:22/06/2021