لەبارەی كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان كۆمسیۆن بڕیارێكی نوێی دەركرد

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان وەك بەڕێوەبەری بنكە و وێستگەكانی دەنگدان دابمەزرێنێت.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێكدا، كە ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدڕاڵی كردووە ئاماژەی بەوەکردووە" لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لە ئێستاشدا نزیكبوونەتەوە لە دیاری كردنی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆیە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران داواتان لێ‌ دەكەین ناوی مامۆستایانی زانكۆ ڕەوانە بكەن بۆمان بەپێی فۆڕمێكی ئەلیكترۆنی، كە بۆتان ڕەوانە دەكەین". 

جەختیشیکردۆتەوە، پێویستە لەگەڵ ناوی مامۆستایاندا، ژمارەی دەنگدەری هەر مامۆستایەك ڕەوانە بكرێت بە مەبەستی ئەوەی بەپێی ئەو شوێن و ناوەندانەی دەنگدان دابنرێن، كە خۆیان سەر بەو ناوەندەن بۆ ئەوەی وەك بەڕێوەبەری ناوەندەكە یان وێستگەی دەنگدان دابنرێن.

هاوكات كۆمسیۆن بڕیاری داوە ڕۆژی ٢٠٢١/٧/٥ نووسینگەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکاندا تیروپشكی ژمارە پێدان بکات بۆ کاندیدەکان ئەنجام بدەن.


AM:09:30:26/06/2021