سەنتەری میترۆ لەسەر سزادراوانی ناوچەوی بادینان پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات

سەنتەری میترۆ لەسەر سزادراوانی ناوچەوی بادینان پەیامێك ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات و دەڵێت" بڕیارەكە پێچەوانەی ویست و داخوازیی ئێمە و زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤە و داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكەین لێبوردنیان بۆ دەربكات". 

لە ڕاگەیەنراوەكەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكییكردن لەمافی ڕۆژنامەنووسان هاتووە" چاوەروانی ئەوە بووین، دادگای پێداچوونەوە ئاوڕێك لەو هەموو داخوازیی و ناڕەزایەتییەی ڕێكخراوەكانی ناوخۆ، دەرەوە و خێزانی حوكمدراوەكان بدەنەوە، بڕیارەكەیان لە بەرژەوەندیی فراوانكردنی ئازادیی ڕادەربڕین بشكێتەوە، بەڵام بەداخەوە بڕیارەكە پێچەوانەی ویست و داخوازیی ئێمە بوو، وەك سەنتەری میترۆ و زۆرێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی پرۆسەی دیموكراسیی لە كوردستان". 

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەك پێشتریش داخوازییەكیان خستبوویە بەردەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گەر بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە هەمان بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر بێت، ئەوە دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار بهێنێت و لێبووردنی تایبەتیان بۆ دەربكات.

میترۆ لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا، دووبارە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، داخوازیی ئەوان و ئەو ڕێكخراوانە و خێزانی حوكمدراوان فەرامۆش نەكات و لێبووردنیان بۆ دەربكات، چونكە  لەڕووی یاساییەوە هیچ قۆناغێكی ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگا نەماوە، تەنها دەركردنی بریاری لێبووردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بریارەكە هەڵدەوەشێتەوە.


PM:03:00:27/06/2021