ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان بەرهەم ساڵەح و شاعەبدوڵای دووەم ئاشکراکرا

سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانی پێشوازیکردنی شا عەبدوڵای دووەم جەختدەکاتەوە، لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئوردن بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هەردوو گەل و ئارامی ناوچەکە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمرۆ یەکشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە مەراسیمێکی فەرمیدا پێشوازیکرد لە شا عەبدوڵای دووەم، پادشای ئوردن، لە کۆبونەوەیەکی دوقۆڵیدا  بە گەرمی بەخێرھاتنی شا عەبدوڵای دوەمی کرد و بەبایەخەوە باسی لە رۆڵی ئوردن کرد لە پشتیوانیکردن لە عێراق، ھاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو گەل و وڵاتی دراوسێ، کە پەیوەندیەکی جوگرافی و کۆمەڵایەتی مێژوییە.

سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە لەپێویستی کاری هاوبەش لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان، بەجۆرێک خزمەت بە ھەردو گەل و وڵات بکات.

هەر لە کۆبونەوەکەدا هاریکاری سێقۆڵی هاوبەشی نێوان عێراق و ئوردن و میسر تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەپێویستی بەهێزکردنی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی لەرێگەی پشتوانیکردن لە وەبەرهێنان و دامەزراندنی شاری پیشەسازی هاوبەش و هاریکاری لە بوارەکانی وزە، بەجۆرێک ببێتەمایەیی خێر و خۆشی بۆ گەلانی هەرسێ وڵات، ھەروەھا هەنگاونان روەو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە لەرێگەی بەهێزکردنی دەرفەتی خۆشگوزەرانی و گەشەپێدان ئابوری و هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا و روبەڕوبونەوەی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە کە مەترسییەکی هاوبەشن و هەڕەشە لە هەموان دەکات.

ھەر لە کۆبونەوەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە لەوەی عێراق هەنگاوەنێت روە و هەماهەنگی و هاریکاری هاوبەش لەپێناو کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، ھاوکات سەرۆک بەرھەم و شا عەبدوڵا جەختیانکردەوە لەگرنگی هەماهەنگی سێقۆڵی لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، بە تایبەتی قەیرانی سوریا و یەمەن و لیبیا و هەنگاونان روە و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لەرێگەی دیدار و گفتوگۆ.

لای خۆیەوە شا عەبدوڵا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی بەغدا و پشتیوانی ئوردنی بۆ عێراق دوپاتیکردەوە لە پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئارامی، ھەروەھا جەختیکردەوە لەگرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە واژۆکراوەکانی نێوان هەردو وڵات لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و پێویستی بەهێزکردنی هاریکاری سێقۆڵی هاوبەشی نێوان ئوردن و عێراق و میسر، بەجۆرێک بەرژەوەندی هاوبەش بھێنێتەدی.


PM:03:11:27/06/2021