کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژی جیهانی پاڵپشتی قوربانیانی ئەشکەنجە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕۆژی جیھانی پاڵپشتی قوربانیانی ئەشکەنجە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێن" دەبێت حکومەتەکان ئەوانە بپارێزن کە یارمەتی رزگاربووانی ئەشکەنجە دەدەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا نوسینگەی کۆمسیارانی باڵای مافی مرۆڤی بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە" کە ڕزگاربووانی ئەشکەنجە مافی دووبارە شیاندنەوەیان ھەیە و ئەوانەش کە ھاوکاریان دەبن لەم پرۆسەیەدا دەبێت ڕێگایان پێبدرێت کارەکانیان بەبێ تۆڵەلێسەندنەوە بکەن. دووبارەشیاندنەوە چارەسەری شیاوی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و چارەسەرە تایبەتمەندەکانی تر دەگرێتەوە".

لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو کەسانەی بەرگەی ئازار و بەرەنجامە درێژخایانەکانی ئەشکەنجەیان گرتووە مافی یاساییان ھەیە بۆ دەست گەیشتن بە قەرەبووکردنەوەی شیاو و دادپەروەرانە، کە دووبارە شیاندنەوەی تێروتەسەل بەشێکە لەمە. ڕێکەوتننامەی دژ بە ئەشکەنجە ئەم چارەسەرانە دەخاتە بەردەست بۆ ئەوەی قەرەبووکردنەوەی شیاو و دادپەروەرانە لەپای ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایانەی مافی مرۆڤ بگیرێتە بەر و ھەروەھا شکۆ بگەڕێندرێتەوە بۆ ڕزگاربووەکان.

دەشڵێن" کە ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھێشتا بەرزە، لە کاتێکدا زۆرینەی کات ئەنجامدەرانی ئەشکەنجە لە سزادان ڕزگاریان دەبێت. حکومەتەکان ھەر بەوە ناوەستن کە نکوڵی لە بەکارھێنانی ئەشکەنجە بکەن، لەگەڵیدا ئەوەش ڕەتدەکەنەوە کە لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەشکەنجە بکەن، ھەروەھا ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە دژی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ھەواڵدەر و ڕۆژنامەنوسان بەکاردەھێنن، بۆ ئەوەی ساردیان بکەنەوە لە دەنگ ھەڵبڕین و بەدەستھێنانی قەرەبووکردنەوە بۆ ڕزگاربووانی ئەشکەنجە". 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ھاتووە، ھانی دەوڵەتان دەدەین کە جێبەجێی قەدەغەی تەواوەتی و جیھانی ئەشکەنجە و مامەڵە توند و نامرۆڤانە و ڕیسواکەرانەکان و سزادان بکەن و ژینگەیەکی ھاوکاریکەر دروستبکەن بۆ قەرەبووکردنەوە و شیاندنەوەی ڕزگاربووانی ئەشکەنجە و بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئازادانە کاربکەن.


PM:05:01:27/06/2021