سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌ردانی چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی کرد، لە سەردانەکەیدا پرسی ده‌ستوور و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی تاووتوێكرد.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی‌، سەرۆکی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە چوارچێوەی‌ بەرنامەی‌ دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا، سەردانی‌ هەریەک لە پارتی‌ کرێکاران و رەنجدەرانی‌ کوردستان، حزبی‌ شیوعیی‌ کوردستان و حزبی‌ زەحمەتکێشتانی‌ کوردستانی‌ کرد.

ئه‌وه‌ش هاتووە" لە کۆبوونەوەکاندا کە مستەفا سەید قادر، جێگری‌ سەرۆک ئامادەی‌ بوو، دۆخی‌ ناوخۆ و تەحەدییەکانی‌ ئێستا و داهاتووی‌ بەردەم هەرێمی‌ کوردستان، پێشهاتەکانی‌ عیراق بەگشتی‌، یەکڕیزی‌ و نووسینی‌ دەستوور، پەیوەندییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان و حکومەتی‌ فیدراڵی‌ عیراق، تاوتوێ کران". 

هەر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لایەنە سیاسییەکان پێزانینیان بۆ رۆڵی‌ نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێمی‌ کوردستان وەک چەتری‌ کۆکەرەوەی‌ هەمووان و هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزیی‌ نێوان لایەن و پێکهاتەکانی‌ کوردستان دەربڕی‌ و دووپاتیان کردەوە کە گەرەنتیی‌ پاراستنی‌ ماف و دەستکەوتەکانی‌ گەلی‌ کوردستان و تێپەڕاندنی‌ سەختییەکان، تەبایی‌ و یەکڕیزیی‌ لایەن و پێکهاتەکانی‌ کوردستانە.

له‌ به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، وێڕای‌ خستنەڕووی‌ بۆچوون و تێبینییەکانیان لەسەر تەواوی‌ پرسەکان و دۆخەکە بەگشتی‌، لایەنە سیاسییەکان هەموو هاوکاری‌ و پشتگیرییەکیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و سەرۆکایەتی‌ لەپێناو تەبایی‌ و یەکڕیزیدا دووپات کردەوە و هاوڕا بوون کە دەبێ هەمووان بە یەکڕیزی‌ و تەبایی‌ و چارەسەری‌ کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، رووبەڕووی‌ دۆخەکە و تەحەدییەکان ببنەوە و سەقامگیری سیاسی‌ بپارێزرێت.


PM:04:01:29/06/2021