سەنتەری میترۆ: فشار بۆ سەر چالاكوان و رەخنەگران و رۆژنامەنوسان هەڵگرن

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایدەگەیەنێت" لەمساڵدا زیاتر لە 70 هاوڵاتی لەسەر نوسین روبەرووی دادگا دەكرێنەوە". 

لە ڕاگەیەندراوێكدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لەژێر دروشمی (فشار بۆ سەر چالاكوان و رەخنەگران و رۆژنامەنوسان هەڵگرن)  ڕایگەیاندووە" بەهۆی نوسین و كۆمێنتی ژمارەیەك لە چالاكوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان سكاڵای یاسایی دژ بە خاوەنی ئەو نوسین و كۆمێنتانە تۆمار كرد، بەڵام سەرچاوەیەكی تایبەت  بە میترۆی وت، ژمارەی داوا یاساییەكان لەم كەیسە لە هەڵكشاندایە ئەمرۆ 70 داوای یاسایی تێپەراند". 

باسی لەوەشکردووە، داوا یاساییەكان بە پێی ماددەی 2 لە ( یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008)، یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن لە هەرێمی كوردستان – عیراق، تۆمار كراوە. كە سزای بەندكردنی لە 6 مانگ بۆ 5 ساڵ و غەرامەی ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دیناری تێدایە.

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا سەنتەری میترۆ داوا لە بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان دەكات ئەو داوا یاساییانە دژ بە رۆژنامەنوس و چالاكوانانە بكشێنێتەوە، چونكە كەرتی تەندروستی پرە لە كەموكورتی و پێویستە لە ژێر چاودێریدا بێت، چاودێری و رەخنە لە كەموكورتییەكان دور لە ناوزراندن، دامەزراوەكانمان بەهێز دەكەن.

دەشڵێت" پێویستە دامەزراوەكانی حكومەت زەمینە خۆش بكەن تا كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەكانی میدیا چاودێری بكەن هەڵەو كەموكوڕییەكان بخەنەروو  گەندەڵییەكان ئاشكرا بكەن و بیخەنە بەردەم رای گشتی، یاسا نەكرێتە فاكتەری دەمكوتكردن ‌و فشار بۆ سەر چالاكوان  و رۆژنامەنوسان و دامەزراوەكانیان". 


PM:04:08:01/07/2021