كه‌سوكاری زیندانیانی بادینان ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەیان بڵاوکردەوە

كه‌سوكاری زیندانیانی ناوچەی بادینان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا ئاماژە بەوەدەکەن" سبەینێ دادگاییكردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان بەڕێوەدەچێت، بۆیە تكا لە هاوڵاتیان دەكەین لە رۆژی دادگاییكردنەكەیاندا هاوشانمان ئامادەبن". 

كه‌سوكاری زیندانیانی ناوچەی بادینان راگه‌یه‌ندراوێكی بەپەلەیان ئاڕاستەی گشت فراكسیۆن و ڕەنگه جیاكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ڕێکخراوەكانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و یاساناسان و چالاکوانی مەدەنی و خەڵکی مەدەنی کرد و تێیدا هاتووە" وەک دەزانن له ٥/٧/٢٠٢١ ڕۆژی دووشەممه سەرلەبەیانی له دادگای كەتنی (٢)ی هەولێر دادگایی بەشێكی دیكە له چالاكوانانی بادینان بەڕێوه دەچێت به تۆمەتی تێکدانی ( ئاسایشی گشتی - عمیل بون بۆ ئەمریكا- بریتانیا- مستەفا كازمی - د،بەرهەم سالح)". 
 
لەبەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە، له كاتێکدا ڕێگری لە پارێزەران كراوە، کە دەبێ له دادگا ئامادەبن و بەرگری له چالاكوانان بكەن، تكا له هاولاتیان و گشت خەڵكی بەهەڵوێست دەكەین له ڕۆژی دادگاییكردندا هاوشانمان ئاماده بن و چاودێری بەڕێوەچوونی دادگا بكەن. 
 
ئاماژە بەوەشکراوە" ھیواخوازین کەسانی خەمخۆری ئەم گەله بەشداری بەرچاویان ھەبێت، هیوا خوازین به ته نیا به جێمان نەهێڵن كەسوكارمان لەسەر داوای مافی گشتی دەستگیرکراون".


PM:12:39:04/07/2021