ئەمرۆ دووشەممە یەکەمین کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ھاوپەیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی لاھور شێخ جەنگی سەرۆکی ھاوپەیمانیەتیەکە و ئامادەبونی رێگەپێدراوی گشتی و ئەندامانی لیژنە باڵا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو.
لەراگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتووە، لەبەر رۆشنایی ھەلومەرجی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوە کرداریەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتن و ھاوپەیمانی نێوان یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ھەلبژاردنی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە وردی گفتوگۆکرا و میکانیزمەکانی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش بڕیاری پێویستی لەبارەوە درا.
ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبونەوەکە شێوازی کاری ھاوبەش و نەخشە رێگای جێبەجێکردنی بۆ داھاتوی ھاوپەیمانیەتیەکەی دیاری کرد و، بریار درا لەسەر چالاککردنی کاری لیژنە سەرەکی و لیژنە ھاوبەشەکانی دیکە لەسەر ئاستی بازنەکانی ھەڵبژاردن.
لیژنەی باڵای ھاوپەیمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی ھاوپەیمانیەکە ھەنگاوێکی بوێرانەی یەکێتیی و گۆڕانە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای میللەت و ھێنانەدی یەکریزی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و یەک دەنگی کورد لە بەغدا، کە لە داھاتودا دەتوانرێت ببێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەرو ھەمویانەوە کێشە داراییەکان و دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکان.