ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد، بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە گرنگ و پێویست زانی بۆ ھەرێمی كوردستان.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە جەنەرال ریچارد بێل جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سوریا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران.
جەخت لە پێویستی و گرنگیی بەردەوامبونی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا.