ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نامه‌یه‌كی ناڕەزایی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان کرد

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە (28-06-2021)ی پەرلەمانی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد.
 
لە نامەکەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە" حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان لە کاری پیشەی خۆیان بە گشتی و بەدواداچوونی کاروباری دەزگای جێبەجێکردن و پەیوەندی هەردوولا و پشتگیریان بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەت و وەزیرەکان بەرز دەنرخێنێت، لە هەمانکاتدا سەرنج و تێبینی خۆی لەشێوازی دەربڕینی چەند ئەندامێکی بەڕێزی پەرلەمان دەردەبڕێت، کە لە دانیشتنی ژمارە 61 لە رۆژی 28-06-2021 بەرامبەر بە تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئەنجامدا". 
 
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئامادەبوونی وەزیرەکان لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان کە زیاتر لە 18 کاتژمێری خایاند، دەڵێت" ئەم وەزیرانەی کە ئامادەبوون بەدڵسۆزی ئەو متمانەیەی لە پەرلەمان وەریانگرتووە، درێخیان نەکردووە لە ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی".

حکومەت لە نامەکەدا باسی لەوەشکردووە، هەر لەم کابینەیەش زۆرترین ژمارەی وەزیر بەشداربوون لە دانیشتنی پەرلەمان و لیژنەکان، زۆربەی نووسراوەکانیان وەڵام داوەتەوە و بەردەوامیش دەبن لەم پەیوەندییە تەندروستە.


PM:08:30:06/07/2021