بافڵ تاڵەبانی خۆی بە "سەرۆکی" یەکێتی ناساند

بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ لە دەباشان پێشوازیکرد لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی، لە هاوسەرۆکی یەکێتییەوە خۆی وەک "سەرۆکی" یەکێتی ناوبرد. 

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە" لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە کرا و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کرا. جەخت لە رەخساندنی زەمینەی لەبار و کەشێکی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کرایەوە کە ببێتەمایەی سەقامگیری سیاسی و رەزامەندی ھەموولایەنەکان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆی ھاوکێشەکان نەخشەڕێگا و ستراتیژی نیشتمانیی و روونی یەکێتی خستەڕوو و یەکخستنی ھێز و توانا و بۆچوونە جیاوازەکانی دووپاتکردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر تەحەددییەکان و گەیشتن بەچارەسەری ریشەیی کێشەکان لەنێوان ھەرێم و عێراق.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە هەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، "سەرۆک" بافڵ رایگەیاند، دەمانەوێت ماڵی کورد رێکبخەینەوە و دیدی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ پرسەکان. پێکەوە کوردستان بەرەو کەناری ئارامی و سەقامگیری ببەین، بۆ ئەوەش پێویستمان بە برا و هاوڕێکانمان دەبێت لە ھێزە شیعی و سوننەکان و سەرجەم هێز و لایەنەکانی تر کە پشتیوانمان بن و پێکەوە وڵاتێکی دامەزراوەیی بونیادبنێن و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان ببووژێنینەوە. ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە یەکێتی پەیڕەوی دەکات. 


PM:01:08:12/07/2021