تەلەفزیۆنەکەی سەر بە لاهور جەنگی یەکەم راگەیاندنی خۆی بڵاوکردەوە


تەلەفیزۆنی لاهوری شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی کە ئەمشەو لەلایەن گرووپێکەوە لە گەڕەکی کوردسات دەستیبەسەردا گیرا، ئەو تەلەفزیۆنەش روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە. 

لەو راگەیاندنەی ئایپلەس دا هاتووە " ئیوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەی دامەزراوەی راگەیاندنی ئایپڵەس، بۆماوەی سەعاتێك ئەو رۆژنامەڤان و كارمەندانەی لەئەركدابون راگیران و دەستبەسەركران. 

لەهەمانكات هەندێ كەلوپەلیان بردە دەرەوەی دامەزراوەكە و بەشێكی كەولوپەل و دەرگەكەنیان شكاندن، جگەلەوەی بەشێكی كامێرای چاودێرییان لێكردەوە، كارەبای باڵەخانەیان كوژاندەوە".

هەروەها لە راگەیەندنەکەدا هاتووە " پاشان، بەڕێوبەر و كارمەندانی دامەزراوەكەیان ئازادكردن و هێزەكان لە باڵەخانەی دامەزراوەكە جێگیركران.هێزەكان بە دەمامك و پۆشاكی سەربازیی و چەكەوە هاتبون، نزیكەی ٥٠ چەكدار دەبون".

لە بەشێکی راگەیاندنەکەدا کە تەرخانیان کردووە بۆ هەڵوێستی خۆیان دەڵێت " ئێمە لە دامەزراوەی راگەیاندنی ئایپڵەس، سەركۆنەی ئەو جۆرە رەفتارەی ئەو گرووپەدەكەین كە بە پۆشاكی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كردوەیان بەرامبەر دامەزراوەیەكی میدیایی ئەنجامداوە و ترس و تۆقاندنیان لەنێو دامەزراوەكە بڵاوكردەوە".

ئەو کەناڵە داوا لە رێكخراو ی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئازادیی رۆژنامەڤانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەكات ئیدانەی ئەو كارە نا مەدەنیانە بكەن، هەروەها داوا لە نوێنەرانی نێودەوڵەتیی و كونسڵی وڵاتان دەكەین لەئاستی ئەم پێشێلكارییە بێدەنگ نەبن و داوای رونكردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.

لە کۆتایشدا هاتووە "دامەزراوەی راگەیاندنی ئایپڵەس، سەلامەتی گیانی رۆژنامەڤان و كارمەندانی دەخاتە لایەنە فەرمیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان".



PM:11:23:13/07/2021