میدیای نزیک بافل تاڵەبانی بۆ لاهور جەنگی: هیچ سەرکردەیەکت لەگەڵ نەماوە بۆیە کاردانەوەت نییە


میدیای نزیک بافڵ تاڵەبانی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی یەوە دەڵێت " نەبوونی هیچ كاردانەوەیەك لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بەهۆی ئەوەیە كە هیچ بەرپرس و سەركردەیەكی سەربازیی یەكێتیی لەگەڵ نەماوە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتیشدا كەمینەیەك نەبێت، كەسی لەگەڵ نەماوە."

ماڵپەڕی " ئێستا " ی نزیک بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی باس لەوە دەکات لە " پەیامەكەی شەوی ڕابردوودا، كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویكردەوە، لاهور شێخ جەنگی واینیشاندا، كە بۆ دروستنەبوونی گرژی و ئاڵۆزی و زیاننەگەیاندن بە یەكێتی كاردانەوەی نەبووە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نەبوونی كاردانەوە پەیوەندیی بەوەوە هەیە، كە هەموو هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری شكستیانهێناوە".

ئەو میدیا دەشڵێت " لاهور شێخ جەنگی هەوڵی كۆكردنەوەی فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتیی داوە و پەیامی بۆ ناردوون، بەڵام كەسیان وەڵامدانەوەیان نەبووە و بێوەڵام هێشتوویانەتەوە، بۆیە ئێستا هیچ فەرماندە و سەركردەیەكی سەربازیی لەگەڵ نەماوە".

روونکردنەوەی زیاتر دەدات  و دەڵێت " نەك هەر فەرماندە و سەركردە سەربازییەكان، بەڵكو لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیشدا ئەندامانێكی زۆر كەمی ئەنجومەنەكە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا ماون، كە سەرچاوە باڵاكە بە "كەمینەیەكی زۆر كەم” ناویبردن".

 ئەو میدیایەی نزیک بافڵ پێشبینی دەکات کە دەرەنجامەكانی لێكۆڵینەوە و بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە هەر بەو ئاراستەیە دەبن كە بڕیاریان لێدراوە و گەڕانەوەی بۆ نییە، " چونكە چیتر بەكارهێنانی هێز و دەسەڵات بۆ تۆقاندن، هەڕەشە، وەرگرتنی سەرانە، قاچاخچێتی و لێدان لە هاوحزبەكان قبوڵكراو نییە".



PM:06:21:20/07/2021