کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا رایدەگەیەنێت" لەسەر فەرمانی ئیمانوێل ماکرۆن، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی و هاوکاری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا".
کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا (ئیلیزێ) لەسەر کۆبونەوەی شاندی رۆژئاوای کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" سەرۆکی فەڕەنسا پێداگریی کردووە لەسەر ئارامی سیاسی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەڕێوەبەرییەکی گەشتر و سەرکەوتووتر، کە پێویستی بە کاری زیاتر هەیە".
ماکرۆن راشیگەیاندووە" پاریس لە شەڕی دژی تیرۆردا بەردەوام دەبێت لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات".
هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن باسی ئازایەتی شەڕڤانان لە ناوچەى باکور و رۆژهەڵاتی سوریای ژێر کۆنتڕۆڵی کوردان کردووە و و بەردەوامبونی پشتیوانییەکانی دژی داعش دوپاتکردوەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لەسەر بانگهێشتی ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) سەردانی فەڕەنسایان کرد و لە کۆشکی ئیلیزێ لە شاری پاریس لەگەڵ شاندەکەدا کۆبوەوە.
جێی باسە، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیاندراوێکدا دژی ئەم سەردانە و پێشوازی ماکرۆن وەستایەوە و بەڕێوەبەری خۆسەرو هەسەدەی بە "تیرۆریست و مەترسی لەسەر تورکیا" ناوزەد کرد.