شوان داودی: کێشەکانی نێو یەکێتی، میدیای حیزبی تووشی شڵەژان کرد

سەرپەرشتیاری گشتی دەزگای میدیای کەرکوکی یەکێتی، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە ڕایدەگەیەنێت" دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی، پەیوەندی بە نزیکیەوە هەبووە لە لاهور شێخ جەنگیەوە". 

شوان داودی لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لابردنم، دوو جانبی هەیە، من ڕای جیاوازم هەیە و بە ئاسانی ناچمە ژێر باری هەموو شتێک، بڕیاربوو وەکو مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، بێ لایەن بین و نەبینە بەشێک لە کێشەکانی نێو حیزب، بەڵام بەداخەوە مەکتەبی ڕاگەیاندن بووە بەشێک لە کێشەکان". 

جەختیشیکردەوە، کاتێک لە دەزگایی میدیایی کەرکوک دەست بەکاربووم، لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی کردم، بۆیە برادەران دۆخی ناو یەکێتیان بەدەرفەت زانی و دووریان خستمەوە.

لەبەشێکی تری گفتووگۆکەیدا شوان داودی ڕەخنە لە میدیای حیزبەکەی دەگرێت، بەوەی بووەتە بەشێک لە شڵەژانەکانی نێو یەکێتی، دەڵێت" مەکتەبی ڕاگەیاندن بڕیاریدا هەواڵەکانی لاهور شێخ جەنگی بڵاو نەکاتەوە، توشی حاڵەتێکی شڵەژان بوو، هەواڵ دەهات ناڕاستبوو، لە کەناڵە موعتەبەرەکان بڵاو دەکرایەوە، دوای دە دەقە داوا دەکرا هەوڵەکان بسڕنەوە، یانی شڵەژانەکە، ڕەنگدانەوەی لەسەر میدیای یەکێتیش هەبوو". 

باسی لەوەشکرد، بە ئیمزای بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندن دەست بەکاربووم و بە ئیمزای ئەویش دەستبەرداری پۆستەکەم بووم، چونکە پێشتر کێشەی سیاسی هەبوو لەسەرم، وتی" پێشتر هەڤاڵێکی تر دانرابوو، من ڕەتکرابوومەوە، چونکە بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی منی قەبوڵ نەبوو وەکو شەخس، چونکە لە ڕێی ئەوەوە نەهاتبووم، تەنانەت ڕێگریش بوو لە چوونم بۆ کۆنگرە". 

داودی وتیشی" بڕیاری گۆڕانکاری لە 6 کەناڵەکەی یەکێتی جێبەجێکرا، بەڵام ئەوەی کەرکوک نەکرا، داواملێکرا دەستبەرداری کارەکەم نەبم، تا مەسەلەکە یەکلایی دەبێتەوە، ئەم دۆخەی بەسەردا هات، ئینجا پێش جەژن من ئیستیقالەم کرد، لەلایەن هاوسەرۆکانەوە ڕەتکرایەوە و داوایانکرد، بمێنمەوە تا دوای هەڵبژاردن". 

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا بەرپرسی لەسەرکارلابراوی دەزگای میدیایی کەرکوکی یەکێتی، جەختیکردەوە، گەر یەکێتی بەم دۆخەوە بەشداری هەڵبژاردن بکات، تووشی زەرەری گەورە دەبێت، چونکە شڵەژانێکی گەورە جەماوەری یەکێتی گرتووەتەوە و کەس ناویرێ قسە بکات، بەرچاویان ڕوون نییە.


PM:06:55:21/07/2021