شاسوار عەبدولواحید: کێشەکانی یەکێتی شەڕە لەسەر پارەو پۆست


سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ هەڵوێستی خۆی لەسەر کێشەکانی ناو یەکێتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت " ئەم کێشانە نە بۆ تۆی هاوڵاتییە و نە بۆ خزمەتی تۆیە، بۆ مەشغوڵکردنی خەڵکە و هەروەها شەڕە لەسەر پارە و پۆست و دزی".

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە وەڵامی پرسیارێکدا، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "  کێشەکانی یەکێتی وەک حکایەتی مێشەکە وایە، لە ناو یەکێتیدا تەواو نابێت. پێشتر دەیان کەس لە یەکێتی جیابونەوە و باڵباڵێنیان هەبوو، وە دوایین کەسیان د.بەرهەم بوو کە حیزبی تریشی دروست کرد، بەڵام دواتر گەرایەوە ناو یەکێتی، وە ئێستاش ئەوەتا گۆران و یەکێتی هاوپەیمانن". 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت " ئەوەی ئێستا قسە لە نێوان ئەم دوو لایەنە دەکات و خۆی سەغڵەت کردوە ، دور لە روتان سبەی بەس (قسە کردن و خۆ سەغڵەتکردنەکەی.) بۆ دەمێنێتەوە، چونکە ئەمانە هەر رێک دەکەونەوە و ئەم مەشغوڵکردن و شەرکردنە لەسەر پارەیە و ئەم سیناریۆ دوبارانە کۆتاییان پێ دێت".

لە ٨ ی تەموزەووە ناکۆکییەکانی نێو هاوسەرۆکانی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقیوەتەوەو رۆژانە دراو و دەرئەنجامی نوێی لێدەکەوێتەوە، لە دوا دەرئەنجامیشدا هەردوو هاوسەرۆکان داوای یاساییان لە دژی یەک تۆمار کردووە، رۆژانەش لە پەیجە بێ ساحێبەکان هێرش دەکەنە سەر یەکتر. لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش کە دوێنێ چوار شەممە لە سلێمانی سازکرا، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە دەرمانخوارکردنی بافڵ تاڵەبانی کە لاهور جەنگی تێدا تۆمەتبار کراوە. 



PM:03:04:05/08/2021