" هەموو نغرۆ دەبین "
فواد مەعسوم لەسەر کێشەکانی یەکێتی هاتە دەنگ


ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، فواد مەعوسم بێدەنگی شکاند و دەڵێت" پێویستە ھەموان ئەوراستییەش بزانن لە درێژە كێشان وبەردەوامبونی ململانێ و ئاڵۆزیی نێوان ھەڤاڵانمان ھیچ كەس براوە و سەركەوتو نییە بەڵكو ھەموان پێكەوە لەناو كەشتییەكەدا نغرۆ دەبین".

لە کۆتاییدا د. فواد مەعسوم سەرۆکی پێشووی عێراق و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی هاتە دەنگ و پەیامێک ئاراستەی هاوسەرۆکان و سەرکردایەتی یەکێتی دەکات و دەڵێت" هەموومان دەزانین ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەرەنجامی كۆمەڵێك كێشەیە كە كۆنگرەش بەداخەوە نەیتوانی چارەسەری بكات ".   

دەقی پەیامەكە:  

هەڤاڵانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیە تێكۆشەرەكەمان …  
بە نیگەرانیەكی زۆرەوە لای هەموومان ، چەند رۆژێكە (ی،ن،ك) رووبەڕوی بارودۆخێكی نائاسایی بوەتەوە كە هەموو دڵسۆزانی یەكێتی و جەماوەرە نەبەزەكەی ئازارداوە و وایكردوە ھەموان بەپەرۆشەوە چاوەڕێین بە رێگەیەكی ھێمنانە كۆتایی بەو گرژیانە بهێنرێت .  

من وەك ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی پێشوی سەركردایەتیی و مەكتەبی سیاسیی (ی،ن،ك) لەهەموان زیاتر پەرۆشم بۆ ئەوەی حزبەكەمان رووبەڕوی ھیچ كێشەو ململانێ یەكی ناوخۆی وەھا نەبێتەوە كە زیان بگەیەنێت بە پێگەو سەنگەكەی كە قوربانی و خوێن و ماندوبونی زۆری بۆدراوەو هەروا نەهاتۆتە ئەو ئاستە كە جێگای ئومێدی هەموو كوردێكی دڵسۆزە .  

هەموومان دەزانین ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەرەنجامی كۆمەڵێك كێشەیە كە كۆنگرەش بەداخەوە نەیتوانی چارەسەری بکات .  

چوارەمین كۆنگرەی گشتیی (ی،ن،ك) لە ھەلومەرجێكی نائاسایدا بەسترا وەك ناچارییەك و دەرباز بون لە ژێر گوشارو زروفێك كە قۆناغی دوای كۆچی دوایی جەنابی مام جەلال بوو كە شۆكێكی گەورەی حزبی لێكەوتبۆوە و بەوەش نەتوانرا خوێندنەوەیەكی واقعیانە بۆ ئەم قۆناغە بكرێ و ئەنجامەكەی بەو جۆرە نەبو كە ھەموان چاوەڕێی بوین .  

بەر لە كۆنگرە لەمیانەی كۆبونەوەكاندا پێشنیازم كرد جگە لە ھەڤاڵانی سەركردایەتیی ، (50) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی لەگەڵ بیست ھەڤاڵ و كادیریی گەنج وشارەزاو بە توانا لەئۆرگانەكانی تر كۆببنەوە تا زۆر بە وردیی بەرنامەیان دابڕشتایە بۆكۆنگرەیەكی دیراسە كراوی زانستیی حزبییانە كە هەموو ئەو ئاستەنگانەی لاببردایە لەرێی سەركەوتنی كۆنگرە ، پێم وایە ئەگەر كاتی خۆی گوێ لەوراسپاردەیە یا پێشنیازە بگیرایە ئەواھەمو كێشەكانی ناو حزبیش چارەسەر نەكرانایە، زۆربەیان چارەسەر دەبون، جگە لەوەی چەند بیرۆكەیەكی تریشمان پێشكەش كرد كەبەسودی یەكێتی تەواو دەبوو ، رەنگەرووبەڕوی ئەم ساتەنەبوینایەتەوە.  

بۆیە ئێستا داواتان لێدەكەم ھەموان دور لە ھەر بەرژەوەندییەكی شەخسیی و دور لە ھەر لێكدانەوە و بیركردنەوەیەكی دەستەیی و تەنهاو تەنها بۆ سودی یەكێتی و گەلەكەمان لەخەمی چارەسەركردنی كێشەكاندا بین وە یەكێتیانەو بەسودوەرگرتن لەدونیا بینییەكانی سەرۆك مام جەلال تەنگژەكان بڕەوێنینەوەو هەنگاوی گەورە بهاوین بۆ تەواكردنی ئەوبەرنامانەی یەكێتی بۆ دامەزراوە.  



PM:08:07:06/08/2021