بافڵ تاڵەبانی: پێویستە ھەموومان بەگیانێکی نەتەوەیی و بەرپرسیارانەوە رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کۆچییەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ھەرێم و وڵاتەکەمان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، پێویستە ھەموومان بەگیانێکی نەتەوەیی و بەرپرسیارانەوە رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و کاربکەین بۆ دروستکردنی یەکدەنگی لەنێوان ھێزە کوردییەکان". 

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کۆچییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی جیهان و گەلی کورد بەتایبەتی دەکەم، هیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە بکەینە دەرفەتێک بۆ زیاتر زیندووکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و تەبایی و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان سەرجەم نەتەوە، پێکهاتە و ئایینزاکان".

ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئەمساڵ ئەم یادە پڕشکۆیە لەکاتێکدا دەکەینەوە کە ھەرێم و وڵاتەکەمان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە. پێویستە ھەموومان بەگیانێکی نەتەوەیی و بەرپرسیارانەوە رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە و کاربکەین بۆ دروستکردنی یەکدەنگی لەنێوان ھێزە کوردییەکان و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەرجەستەکردنی یەکڕیزی لە بەغدا تاوەکو داکۆکیکارێکی سەرسەختی بەدیھێنانی مافە نەتەوەییەکانمان بین. لە ھەرێمیش هاوکار و پشتیوان بین لەپێناو چاکسازی، گۆڕانکاری و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی خۆشەویستی کوردستان. 


PM:09:50:09/08/2021