پەکەکە چارەنووسی سێ گەریلاکەی خەلیفان ئاشکرا دەکات

پارتی کرێکارانی کوردستان پانزە رۆژە رایگەیاندووە کە چارەنووسی سێ گەریلای لە ناوچەی خەلیفان نادیارە، ئەمڕۆ میدیاکانی ئاشکرایان کرد کە لەلای پارتی دەستگیرکراون.

میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکانەوە لەسەر چارەنووسی ئەو سێ گەریلایەی، کە لە گوندی بێخمەی خەلیفان بێ سەرو شوێن بوون، بڵێ‌ویکردۆتەوە کە " ماوەیەکەی زۆرە پەدەکە هێزێکی تایبەتی خۆی کە لە  دژەتیرۆر و هێزی تایبەتی بنەماڵەی بارزانی پێکدێن، لە دەڤەری خەلیفان هەتا دەڤەری بارزان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی، کە ڕێگای هاتووچۆی گەریلاکانە، جێگر کردووە، بازگەیان داناوە و هەرێمەکەیان بە سەربازگە کردووە".

ئەو میدیانە دەڵێن " رۆژی ٢٦ی تەمموز ئەو ڕۆژە، سێ گەریلا، وەکو ڕێبوار بە ناوچەکەدا تێدەپەڕین، دیار بوو، کە لە شوێنێکی دوورەوە هاتبوون و ماندوو بوون، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە گوندی بێخمە، لەلایەن هێزێکی زۆری پەدەکەوە گەمارۆ دران و تەقەیان لێکرا.لەبەرامبەر هێرشەکەدا گەریلاکان بەرگرییان لەخۆیان کردووە، بەڵام پەدەکە بە چەکی قورس بەردەوامیی بە هێرشەکەی داوە."

ئەو میدیانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێشمەرگەکانی پارتی هێرشیان کردۆتە سەر گەریلاکان و ئەو سێ گەریلایەی پەکەکە تەنها وەکو ڕێبوار بە ناوچەکەدا تێدەپەڕین، بەڵام لەلایەن هێزە چەکدارەکانی پەدەکەوە هێرشیان کرایەسەر و ، دەستگیرکراون.



PM:02:46:11/08/2021