بافڵ تاڵەبانی هۆکاری دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێک لە نێو یەکێتی ئاشکرا دەکات

بافڵ تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت" هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویاندا دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە". 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هانس ئاکیربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان کرد و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عیراق تاوتوێكران و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازییەوە كرا.

لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا لەناوخۆی یەكێتی ئەنجامدراون بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند" هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا، دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون و حزبیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاردەهێنا و لە رێبازی پیرۆزی مام لایاندابوو، ئێمە دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە".

وتیشی" ئامانجی ئێمە یەكڕیزی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان و کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە، هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لە بەغدا، هێزە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یەکهەڵوێست بن، تاوەکو هەموومان پێکەوە کوردستانێکی بەهێز و ئارام بونیادبنێین و هاووڵاتییانمان ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان هەبێت. دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەوپێناوەدا بووە، دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ببینەوە و قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بکەین و رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین". 

هاوکات لەبارەی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، یەكێتی لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییە كە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكات، بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكە.

لەبەرامبەر هاریکاری و هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا، جەخت لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاترکرایەوە لە بوارەکانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ، كونسوڵی هۆڵەندا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ خەڵك دووپاتكردەوە و رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرین بۆ خەڵک و چاکسازی رێڕەوەی خۆی وەرگرێت و ئاسایش بەرقەراربێت.


PM:03:32:11/08/2021