کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا سەبارەت بە سەردانی ماوسیو تولەر بۆ هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا سەبارەت بە سەردانی ماوسیو تولەر بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و کۆمەڵگای مەدەنی و هەروەها ڕادەستکردنی کۆمەکی ئەمەریکا بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە" ماسیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە ماوەی نێوان ٩ تاوەکو ١١ ی ئاب سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد.  بەهاوڕێیەتی ڕۆبەرت پالەدینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا، باڵیۆز لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.  باڵیۆز و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان باسی دەرەنجامەکانی گەڕی ئەم دواییەی دایەلۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکاو عێراق و گرنگی هەماهەنگی بەردەوامی ئەمنی و بازرگانی و فەرهەنگی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها هەڵبژاردنەکان و بابەتە هەنووکەییەکانی تریان کرد. باڵیۆز تولەر، هانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی دا بۆ پارێزگاریکردن لە یەکگرتوویی و سەقامگیری لە پێناو خۆشگوزەرانی بۆ میللەتەکەیان". 

لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، باڵیۆز تولەر، لەگەڵ نوێنەرانی ڕیکخراوەکەنی کۆمەڵگای مەدەنیدا کۆبووەوە، لە وانەش ڕابەرانی ئایینی و ژنانی دەرچووی ئەو پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیانەی کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پارەدار کروان و هەروەها لە گەڵ ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستاندا بۆ گفتوگۆکردنی سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراقدا، باڵیۆز تولەر، هەروەها سەردان و گەڕانێکی بەناو مزگەوتی جەلیل خەیات و مۆزەخانەی شارستانی هەولێردا کرد کە تیایدا پارچەی شوێنەواری قۆناغی پێش مێژووی بینی. باڵیۆز بەشداری ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنی کۆمەکی ئەمەریکای بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێم کرد کە بریتی بوو لە کەلوپەل و پێداویستی خۆپارێزی کەسی بە ئامانجی یارمەتیدانی کارمەندان دژی کۆرۆنا لە کاتێکدا سەرقاڵی ئەنجامدانی کارەکانیانن لە خاڵە سنوریەکان". 

کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش دەکات، باڵیۆز تولەر، تیشکی خستە سەر پابەندی ئەمەریکا بۆ بەردەوام بوون لە پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێی ژمارەیەک دەستپێشخەریەوە، وەک کۆمەکی مرۆیی بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگاکانی بەرمەترسی و هەماهەنگی ئەمنی بۆ ڕێنماییکردن و پشتیوانیکردنی شەڕی دژ بە داعش. 


PM:04:59:11/08/2021