لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا نوێنەری ئەفغانستان:دان بە حوکمی تاڵیباندا مەنێن

‌گۆتیریش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی دۆخی ئەفغانستانەوە کە ئەمڕۆ دوو شەممە سازکرا، نوێنەری حکومەتی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، غولام ئیزاکزای داوایکرد دان بە دەسەلاتی تاڵیباندا نەنرێت، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە چارەنووسێکی نادیار چاوەڕوانی وڵاتەکەی دەکات.

هەروەها وتیشی" مەترسی شەڕی ناوخۆ هەیە، بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئێستادا لە کابول دەستی بەتاڵانی کردووەو دانیشتوانەکە دەترسن ".

نوێنەری ئەفغانستان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە حکومەتێکی ئینتقالی لە پێناو ئاشتیدا پێکبهێنرێت، وتیشی" چەندانجار تالیبان پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانییەوە".

هەرچی  ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەنتۆنی گۆتیریش داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد یەکبگرن بەرامبەر دۆخی ئەفغانستان و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێگا بدەن یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە هاوڵاتیان، هەروەها داوای لە تاڵیبان کرد رێز لە مافی مرۆڤ و دیبلۆماسییەکان شوێنەکانیان بگیرێت.

هەرچی نوێنەری ئەمەریکایە لیندا گرینفیلند وتی " دەبێت زەمانی ئەوە بکەین کە ئەفغانستان نەبێتە بنکەی قاعیدەی تیرۆریست".

هەرچی نوێنەری فەرەنسا و بەریتانیا هەیە، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی روودەدات لەو وڵاتە کارەساتە.



PM:09:40:16/08/2021