دوای زیاتر لە ١ مانگ زیندانی تاکە کەسی
ژنە خوێندکارێکی زمانی کوردستان رەوانەی زیندانی گشتی کرا


لە سنە بڕیاری دەستبەسەربوونی خوێندکاری کورد، ناهید کەمانگەر درێژ کرایەوە و لە ژووری تاکەکەسییەوە گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی گشتیی زیندانی ژنان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤ کە ماڵپەڕێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە بڵاویکردەوە کە ناهید کەمانگەر، خوێندکاری کوردی لقی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، دوای زیاتر لە مانگێک مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنان، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی گرتووخانەی  گشتیی کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ناهید کەمانگەر لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕدا دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران، دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی، ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژ هاوکات لەگەڵ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیدا ڕەوانەی بەندی گشتیی ئەم زیندانە کراوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتە بەردەست نەکەوتووە کە ڕووبەڕووی ئەم خوێندکارە کوردە کراوەتەوە.

ناهید کەمانگەر کچی زیندانیی سیاسیی کورد حسەین کەمانگەرە کە لە بەفرانباری ١٣٩٧ ـەوە سەرەتا براوەتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئینجا براوەتە زیندانی سنە و لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی بۆ پیاچوونەوە ڕەوانەی بەردەم دیوانی باڵای ئێران کراوە.

ماڵپەڕەکە ئەوەش دەخاتەڕوو "ڕاشید مونتەزیری، چالاکی مەدەنی و هاوسەری ناهید کەمانگەریش هاوکات لەگەڵ دەستبەسەربوونی ناوبراو لە بەفرانباری ١٣٩٧دا دەستبەسەر کرا و دوای چوار مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. ناهید کەمانگەر لەو کاتەوە کە باوک و هاوسەرەکەی دەستبەسەر کراون چەندەها جار بانگهێشت کرابوو بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیتلاعات و خرابووە ژێر لێپرسینەوە".




PM:03:10:17/08/2021