لە بۆردومانی نەخۆشخانەکەی شەنگال ١٥ کەس بوونەتە قوربانی

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک نەخۆشخانەیەکیان لە چیای شەنگال بۆردومان کرد، بەرپرسێکی ناوچەی شەنگال ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ٥ کەس گیانیان لە دەستداوەو، ١٠ کەسی تریش برینداربوون کە ژمارەیەک مەدەنیان لە نێودایە.

ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندن لە پۆلیسی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی (کەرکوک ناو)ی راگەیاندووە "بۆردومانەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ئەنجامدرا، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان پێنج كەس كوژراون و ١٠ ی تریش برینداربون، ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتە بە هێزەکانی یەکینەکانی بەردخودانی شنگال (یەبەشە)، بەڵام خەڵكی مەدەنیش تیایدا چارەسەریان وەردەگرت".

جەختیشیكردەوە "ئەو بینایە پێشتر خوێندنگە بووە و دواتر كراوە بە نەخۆشخانە... دەزگا ئەمنییەکانمان لێکوڵینەوە لە روداوەکان دەکەن، لەئێستادا ناتوانین هیچ شتێک لەبارەی هۆکاری بۆردومانەكەوە ئاشكرابكەین".  

هاوڵاتییەکی گوندی سکێنییە کە ناوی ئەلیاس قاسم رایگەیاندووە "شەهید و بریندارەکان زیاتر مەدەنی بون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، لەناو بریندارەکان منداڵ هەن". 

رۆژی دوو شەمە ١٦ی ئاب، فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)یان لە ناوەندی شنگال كردە ئامانج و بەهۆیەوە لێپرسراوێكی یەبەشەو شەڕڤانێکی تر كوژران و سێ چەكداری تریان برینداربون.





PM:11:23:17/08/2021