ئاماری قوربانییەکانی بۆردۆمانەکەی تورکیا بۆسەر شەنگال ڕاگەیەندرا

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال رایدەگەیەنێت" لەهێرشەکەی دوێنێ تورکیا بۆ سەر شنگال هەشت کەس شەهیدبون و چوار کەسی دیکەش برینداربوون". 

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری شەهید و بریندارەکانی دوێنێی شەنگالی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ئەنجامی هێرشی وەحشییگەرانەی دەوڵەتی تورک، ژمارەیەک شەهید و بریندارمان هەیە، لە دوێنێوە هەوڵ دەدەین ناسنامەی شەهید و بریندارەکان ئاشکرا بکەین و ڕایبگەیەنن، بەڵام بەهۆی بۆردوومانەوە، دەستنیشانکردنی تەرم و ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان، درەنگ کەوت، بەگشتییش لە ئەنجامی هێرشی دوێنێ لەسەر نەخۆشخانەی گوندی سکین، هەشت کەس شەهید و چواری دیکەش برینداربوون". 

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو هەشت کەسەی شەهیدبوون، چواریان شەڕڤانی یەبەشەن، کە لەنەخۆشخانەکە تیمار دەکران، هەروەها سێ لە شەهیدەکان، کارمەندی تەندروستیی بوون، کە خزمەتی کۆمەڵگای ئێزدییان دەکرد، شەهیدەکەی دیکەش ناوی موخلیسە سیدار، کە خەڵکی شاری شرناخی باکووری کوردستانە و لە فەرمانی ٢٠١٤-دا، کاتێک بانگەوازیی سەفەربەربوون کرا، بۆ ئەوەی بریندارەکانی کۆمەڵگای ئێزدیی دەرمان بکات، وەکو پزیشک هاتبوو بۆ شەنگال و لەو کاتەوە خزمەتی تەندروستیی پێشکەش بە خەڵکی شەنگال دەکرد.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی سەنگال، ڕاشیگەیاندووە" چوار بریندارەکەش بە ناوەکانی (حەسەن، عەڤدی، سەمیر و ماجید)، سەرجەمیان کارمەندی تەندروستی بوون". 


PM:01:18:18/08/2021