جاسەنە: سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر تیمی رووداو لە شەنگال دەکات


رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەنووسانی کەناڵی رووداو لە شەنگال دەکات و، دەڤەری شەنگال بە دۆخێکی ناسروشتییە بۆ کاری رۆژنامەوانی ناوزەد دەکات.

لەبارەی هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی رووداو لەلایەن شەڕڤانانی یەبەشەوە دوێنێ دوای هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆسەر نەخۆشخانەیەکی ئەو ناوچەیە، رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە" دۆخێکی نا ئاسایی لە دەڤەری شەنگال دەگوزەرێت کە ژینگەیەکی سروشتی نییە بۆ کاری رۆژنامەوانی بەهۆی ئەو بارگرژیەی لەو ناوچەیەدا هەیە، هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپی چەکدار لەو دەڤەرە ژینگەی کاری رۆژنامەوانی گرانتر کردووە".

 هەروەها جاسەنە دەڵێت " پێویستە ئیدارەی کەناڵەکان پلان و خۆپارێزی و لەبەرچاوگرتنی ژیانی رۆژنامەنووسەکە بە هەند وەربگرن".

دەقی راگەیاندنەکەی رێکخراوی جاسەنە

دەستدرێژیکردنە سەر پەیامنێری رووداو لە شەنگال سەرکۆنە دەکەین رۆژی سێ شەممە ١٨ ی ئاب دوای هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە گوندی سەکێن لە چیای شەنگال و گیان لە دەستدانی ٥ کەس و برینداربوونی ١٠ کەسی دی کە جگە لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال ( یەبەشە ) خەڵکانی مەدەنیشی تێدایە، تیمێکی کەناڵی رووداو بۆ رووماڵکردنی ئەو رووداوە دەچنە ئەو ناوچەیە، بەڵام شەڕڤانانی یەبەشە تەقە بەسەر تیمەکەدا دەکەن و بە قۆناغە تەفەنگ رۆژنامەنووس، تەحسین نامق بریندار دەکەن
. رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیرڕاو میدیا سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات و بە پێشێلکردنێکی تەواوی مافی رۆژنامەنووسان لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا، ناوزەدی دەکات. 

رێکخراوی جاسەنە بە پێویستیشی دەزانێت لێپرسراوانی کەناڵەکانی میدیا لەو دۆخە نا ئاساییەی لە دەڤەری شەنگال دەگوزەرێت ئاگادار بکاتەوە کە ژینگەیەکی سروشتی نییە بۆ کاری رۆژنامەوانی بەهۆی ئەو بارگرژیەی لەو ناوچەیەدا هەیە، هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپی چەکدار لەو دەڤەرە ژینگەی کاری رۆژنامەوانی گرانتر کردووە، خودی رۆژنامەنووس ( تەحسین نامیق)یش ماوەیەک لەمەوپێش لەلایەن حەشدی شەعبیەوە دەستگیرکرا.

هەربۆیە کارکردنی رۆژنامەنووسانی مەیدانی لەو ناوچانەی کە دۆخێکی نا ئاساییان هەیە پێویستی بە پلان و خۆپارێزی و لەبەرچاوگرتنی ژیانی رۆژنامەنووسەکەیە.

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا ١٨ی ئابی ٢٠٢١



PM:01:40:18/08/2021