لاهور جەنگی زمانی لێدوانی توند دەکاتەوە
" ڕێگە بە بڕیاری تاکڕەوانە "


لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ کۆدەبێتەوەو زمانی قسەکردنی توند دەکاتەوەو دەڵێت " یەکێتیی لە هەموومان گەورەترە و ڕێگە بە بڕیاری تاکڕەوانە و لێکترازان نادەین ".

نوسینگەی راگەیاندنی هاوسەرۆکی یەکێتیی لاهور جەنگی لە راگەیاندنێکدا بڵاویکردەوە، لاهور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ کۆبووەوە و رایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەنەکان کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنێن و کار بۆ یەکدەنگیی کورد بکەن لە بەغدا، لەو ڕووەشەوە باسی لەو هەوڵانە کرد کە حزبەکەی ناویەتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە پێناو یەکدەنگیی کورد و بەدیهێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، وتیشی دەبێت چاومان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بێت کە بە هۆی هەندێک کێشەی ناوخۆییەوە لەم هەڵبژاردنەدا مەترسی لەسەر دەنگی کورد و ژمارەی کورسییەکان دروست بووە و پێویستی بە هەوڵ و هەنگاوی جدی و خێرا هەیە."

هەروەها باس لەوە کراوە، " ئاماژەی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی کرد و جەختیکردەوە کە لە نیگەرانیی ئەندام و کادر و لایەنگرەکانمان تێدەگەین، وتیشی بە ڕێکاری حزبی و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین، چونکە یەکێتیی لە هەموومان گەورەترە و ڕێگە بە بڕیاری تاکڕەوانە و لێکترازان نادەین."

لە بارەی ئەو تۆمەتانەی لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمووز ڕووبەڕووی کراوەتەوە لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکردوە، "یاسا لە سەروو هەموومانەوەیە و ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرین، هەر بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ براکانم چوینەتە دادگای سلێمانی و لە بەردەم دادوەرە بەڕێزەکان ئامادەبووین، دوای ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان و نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر تۆمەتبارکردنمان، دادوەری بەڕێز بڕیاریدا بە کەفالەت ئازاد بکرێین."



AM:12:27:19/08/2021