قایمقامییەتی سلێمانی لەبارەى نرخى نانەوە بڕیارێکی نوێی دەرکرد

قایمقامییەتی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران کۆبووەوە و رایگەیاند" نرخى نان گۆڕانکارى بەسەردا نایەت". 

ئەمڕۆ دووشەممە، قایمقامیەتى سلێمانى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد" نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قائیمقامی سلێمانی کۆبونەوەو گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی دەبینێتەوە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیار درا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوەو هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبونەوەکەدا چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان کێشەکانی باس کردووە کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی کارەبا و زۆری رسوماتی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوەو وتوویەتى" فشاری زۆری لەسەر دروستکردون، لەهەمان کاتدا لەخەمی ژیانی هاوڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە رونکراوەتەوە کە قایمقامی سلێمانی پێی راگەیاندوون، ئەوان لە کێشەکانیان تێدەگەن و دەزانن بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکە و زەرەرمەندی یەکەم ئەوانن.

قایمقام وتووشیەتى" لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین، لەهەمان کاتدا رێگە نادەین بەهیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە، لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵ ئەدەین رسوماتی لەسەر نەبێت".


PM:01:14:23/08/2021