هەڵەبجەی شەهید دەبێتە خاوەنی دەروازەیەکی نێو دەوڵەتی

دوو پەرلەمانتاری کورد رایدەگەیەنن کە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید دەبێتە خاوەنی دەروازەیەکی نێو دەوڵەتی و دەروازەی " سازان" ئەو دەروازە نێو دەوڵەتییە دەبێت.

سەرکەوت شەمس و غالب محەمەد پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا لە راگەیاندراوێکدا دەڵێن " پاش هەوڵ و ماندوبونێی زۆری چەند مانگە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکانی عێراق، بەتایبەت بەرێز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق قاسم ئەعرەجی کە لەگەڵمان زۆر ماندوو بوو وە بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر بۆ هەڵەبجە، ئێستا ئیتر پارێزگای هەڵەبجە ی شەهید بویە خاوەنی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی توانیمان رەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدەست بهێنین بۆ بە فەرمی ناساندنی دەروازەی سازان".

لە درێژەی راگەیاندنەکەیاندا هاتووە " هەفتەی رابردوو نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کیتابی فەرمی ئاگاداریکردین کە سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە کە دەروازەی سازان بکرێتە فەرمی و بەفەرمی رێکارەکانی دەستیپێکردووە".

ئەو دوو پەرلەمانتارە دەشڵێن " بۆ تەواوکردنی رێگای سازان هەڵەبجە کە چەندین ساڵە حکومەتی هەرێم فەرامۆشی کردووە، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بودجەی بۆ دابینکراوە و بەرێز مامۆستا ئەحمەدی حاجی رەشید کاری لەسەر ئەکات".



PM:03:15:25/08/2021