شاسوار عەبدولواحید: هەڕەشە لە کۆمپانیاکان دەکرێت کە بەنزینمان پێنەدەن تا بەهەرزان نەفرۆشرێت


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند " حکومەتی هەرێم هەڕەشە لە بازرگان و کۆمپانیاکان دەکات کە کەس بەنزین نەدات بە نەوەی نوێ تا بە هەرزان نەیفرۆشن بە هاوڵاتییان".

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  دەڵێت "عێراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاری نوێدان و زۆر شت روودەدات لە ماوەی داهاتوودا و زۆرێک لە هێزە عێراقییەکان سەرقاڵی سەر لەنوێ خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنن لەگەڵ واقیعی نوێ و لێکەوتەکانی."

سەرۆکی نەوەی نوێ دەشڵێت " لێرەش تازە بە تازە حکومەتی هەرێم هەڕەشە لە بازرگان و کۆمپانیاکان دەکات کە کەس بەنزین نەداتە نەوەی نوێ تا بە هەرزان نەیفرۆشین بە هاوڵاتییان."

شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاندووە، "ئەمەش عەقڵیەتی حکومەت و حزبی کوردی، وەک خۆی خزمەت ناکات، ناهێڵێت خەڵکی تریش خزمەت بکەن."

لە ماوەی رابردوودا، پاش ئەوەی نرخی بەنزین بەرزبووەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاریدا بەنزین بە ٥٠٠ دینار بفرۆشێت، بەڵام پاش تەواوبوونی بەنزینەکەی نەوەی نوێ، جارێکی دیکە نرخی بەنزین بەرزبکاتەوە.



PM:11:42:26/08/2021