داوا لە بارزانی دەكرێت یاسای خۆپیشاندان بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان

رێکخراوی کاری شەفافیەت  لەبەیاننامەیەكدا داوا لە مەسعود بارزانی دەكات پرۆژە یاسای خۆپیشاندان بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ  ئەوەی  بڕگەیەكی گۆڕانكاری تێدا بكرێت.

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی رێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لەسەر یاسای خۆپیشاندان

پەرلەمانی کوردستان یاسای خۆپیشاندانی هەموارکردوە کە خواستی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکەوانانی  مەدەنی بوو بۆ گەیاندانی پەیامی خەڵک و داخوازیەکانیان کە یاسای خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە بەجۆرێک کە ئازادی تەواو بدرێت بە هاووڵاتی داوای مافی خۆی لە رێگای مەدەنی خۆپیشاندان بیکات ئەو یاساو رێسانەی کە بۆ مۆڵەت وەرگرتن هەبوون بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان نەمێنێت.

بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان لەدوای 9 مانگ دانیشتن بەبێ ئەوەی بەردێک بخەنە سەر بەردێک هاتنە یاسای خۆپیشاندانیان قورستر کرد و دەسەڵاتی تەواویان دا بە دامودەزگاکانی حکومەت  بۆ لێدان و توندوتیژی بەرامبەر بە هاووڵاتیان .
ئێمە وەکو رێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بەهەموو شێوەیەک لەدژی ئەو بڕگەیە دەوەستینەوە کە دەڵێت: کاتێک خۆپێشاندان ده‌بێته‌ هۆی په‌کخستنی دامو ده‌زگا حکومییه‌ بنه‌ره‌تییه‌کان وه‌کو خزمه‌تگوزاری و هاتووچۆی گشتی و چالاکییه‌ ئابووری و بازرگاکانییه‌کان ئه‌وا پێویسته‌ کۆتایی پێبهێنرێت

پێمانوایە کۆتای هێنان بەو دەقەدا هەموو دەسەڵاتێک دەدات بە هێزەکانی ناوخۆ و چالاکیە مەدەنیەکان کە توندوتیژی بەکار بهێنرێت بەرامبەر بە هاوڵاتیان

بۆیە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین پرۆژە یاساکە بگەرێنێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەو برگەیە گۆڕانکاری تێدا بکەن ، داوا لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین بە هەڵویست بن لەبەرامبەر ئەو پرۆژە یاسایە کە بۆ کەپ کردنی دەنگی نارەزایەکانە لە کوردستان .

رێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی



PM:03:39:03/07/2014